كۆ مه‌ ڵێك با به‌ ت

 

سەرەتا / Archive by category ‘وه‌رزشی ده‌روونی’

ڕاهێنانێکی ده‌روونی بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی فشاری ڕۆژانه‌ی ژنان – چۆپی مه‌جید – ڕاهێنه‌ری ده‌روونی – سوید

لەگەڵ ئەو هەموو گۆڕانکاری و پێشکەوتنانەی کە لە جیهاندا ڕوویداوە ڕۆڵی مرۆڤ گۆڕانکاری بەسەردا هاتووەو داواکاریەکان لەسەر مرۆڤایەتی گەورەترو گرانتر بوون، بەتایبەتی ڕۆڵی ژنان کە لەم سەردەمەی ئێستادا ئەرکێکی زیاتر کەوتۆتە سەرشانیان. هەرچەندە ژن هەمیشە ئەرکێکی گرنگ و ڕۆڵێکی تایبەتی هەیە لە کۆمەڵگادا بەگشتی و لەناو خێزانەکەیدا بەتایبەتی. بە پەروەردە کردنی ڕۆڵەکانی لەسەر بناغەیەکی ڕاست ودروست بۆ دروست بوونی کۆمەڵگایەکی تەندروست و پێشکەوتوو، هەروەها خزمەت کردن و خۆشی خستنە ناو خێزانەکەی بۆ پێکهێنانی خێزانێکی ئاسودەو بەختەوەرو دەروون دروست، کە ئەمەش بەرپرسیارێتیەکی گەورەو گرنگە. لەگەڵ ئەوەشدا لە ژیانی ئەمڕۆماندا وا پێویست ئەکات کە ژنایش شان بە شانی هاوسەرەکەیان دەست بەکار بێن لەدەرەوەی ژیانی خێزانیشدا بۆ باشترکردنی باری ئابووریان. کە ئەمە ئەبێتە دروستکردنی فشارێکی زۆر بۆ باری دەروونی ژنان لەبەر ئەوەی هەمیشە هەوڵ ئەدات کە بتوانێت ڕۆڵی خۆی وەك (هاوسەرێکی باش، دایکێکی باش، کارمەندێکی باش) ببینێت. بەتایبەت زۆربەی ئەو ژنانەی کە لەئەوروپا ئەژین بەهۆی جیاوازی شێوازو ماوەی کارکردن لەووڵاتانەدا. زۆربەی ئەو ژنانەی کارمەندن لە ئەوروپا ڕۆژانە ٦ تا ٨ کاتژمێر کاردەکەن. دوای تەواو بوونی ماوەی کار کردنیان لەدەرەوەدا ڕاستەوخۆ دەست دەکەن بە ئەنجام گەیاندنی کاری ماڵ، کە ئەمەش ووزەیەکی زۆری دەوێت و پێویستە بەرنامە ڕێژی بۆ بکرێت و بۆیە پێویستیان بە هاوکاری هاوسەرەکانیان هەیە بۆ هاوسەنگ ڕاگرتنی کارەکانی لەناو خێزان و لەسەر کارەکەی.
بێگومان ئێمەی مرۆڤ لەیەك ناچین و جیاوازین لە (شێوازی بەسەربردنی ژیان، ئارەزووەکان، بەکارهێنانی تواناکانمان، بۆچوونمان بۆ ژیان، هەروەها پێویستیە بەدەنیەکان و هەریەکەشمان جۆرە ڕۆتینێکی هەیە لەناو ماڵەکەیدا……تاد. هەربۆیە زۆر گرنگە کە خانمان بتوانن بە ئاگایانە مامەڵە لەگەڵ جەستەو دەروونیان بکەن و ئارامییەك بۆ دەروونیان دەستەبەر بکەن،بۆ ئەوەی ئەو ئارامیە ببێتە مایەی گەڕانەوەی ئەو وزەیەی کە ڕۆژانە بەکاری ئەهێنن و هۆکارێك بێت بۆ باشتر بەئەنجام گەیاندنی ئەرکەکانی ڕۆژانەیان.
لێرەدا پرسیارێك دێتە پێشەوە کە ئێمەی ژنان چۆن بتوانین ئەو ئارامییە دەروونیە دروست بکەین؟ بەڵێ، پرسیارکردن ئاسانە، بەڵام وەرگرتنی وەڵامیش لەبەرئەوەی ئەبێ کاری پێبکرێت لەلای زۆربەمان تاقەت و کاتی ئەوێت. هەرکات تۆ ئامادەی ئەوەت تیا بوو کە تۆ بەڕاستی گرنگی بەخۆت بدەیت و ڕۆڵی خۆت لە کۆمەڵگا و خێزانەکەتدا بەگرنگ بزانی، ئەوکاتە تۆ باشتر و ئاسانتر ڕێنمایەکان وەرئەگریت و خێراتر هەنگاو ئەنێیت کە ڕۆڵی خۆت جوانتر و بەرزتر بنرخێنیت. تۆ بەم شێوە بکە:
– هەوڵبدە ڕۆژانە ماوەیەك بەخۆت بدە کە تەنها بیت، واتە تەنها خۆت و خۆت. ئەگەر لە سەرەتاوە بە ١٠ خولەك دەست پێبکەیت باشترە. دانیشە بەشێوەیەکی ئارام و پشتت ڕاست بێت و با چەمانەوەی تیا نەبێت، ئەگەر ناتوانیت زۆر ڕاستی بکەیتەوە زۆر لەخۆت مەکە ئاگینا ئەبێتە هۆی دروستکردنی ئازار بۆت. ئەگەر ئەوەت بۆ ئاسان نەبوو ئەتوانی بە پشتا پاڵبکەویت. تەرکیزت با لەسەر هەناسەت بێت. هەناسەکەت لە ڕێگەی لوتەوە هەڵمژەو کەمیك بیهێڵەرەوە لە بەشی خوارەوەی سیەکانتا واتە هەست بکە کە سکت بەرز ئەبێتەوە نەك سنگت و شانەکانت، هەناسەکەت بۆ ٥ تا ١٠ چرکە بهێڵەرەوە و پاشان هەناسە بدەرە دەرەوە لەڕێگەی دەمتەوە. ئەمە زۆر دوبارە بکەرەوە هەتا هەست ئەکەیت وا خەریکە لەشت خاو ئەبێتەوە. تۆ بەدووبارەکردنەوەی ئەم جۆر هەناسەدانە لە دونیای هەراو دەنگەدەنگ و بیرکردنەوە لە کارەکانی ڕۆژانەت و بیرکردنەوە ناخۆشەکانت دوور ئەکەویتەوە و دەچیتە ناو خۆتەوە. تۆ لە ڕێگای ئەم جۆر هەناسەدانەتەوە حەوانەوەیەكت بۆ دێت کە پێشتر هەستت پێنەکردووە، تۆ دڵ و کۆئەندامی دەمارەکانت لە ژەهراوی بوون پاك ئەکەیتەوە، تۆ سیەکانت فێری باشترین شێوەی هەناسەدان ئەکەیت کە لە دوایدا هەرکات بتەوەێ بەهۆی کردنی ئەم ڕاهێنانە وە ئەتوانیت خۆت ئارام ڕابگریت. بەمە تۆ فێر ئەبیت کە باشتر مامەڵە لەگەڵ خۆتدابکەیت و سەرچاوەی هاتنی وزەی نوێی خۆت ئاشکرا ئەکەیت. ئەمە ڕاهێنانە تەنها بۆ یەكجار یان دوو جار نییە، بەڵکو تۆ دەبێت خۆتی لەسەر ڕابهێنی و بروا بکەیت کە ئەم تەکنیکە هاوکارت ئەبێت، بۆیە دەبێت ڕۆژانە بیکەیت بە ڕۆتینێك بۆ دانیشتن لەگەڵ خودی خۆتدا.
بەم شێوەیە تۆ گرنگی زیاتر بەخۆت ئەدەیت و ئەو فشارانەی ڕۆژانە دووچارت ئەبێتەوە کاریان لەگەڵدا ئەکەیت بە بێ ئەوەی بهێڵیت هیچ ئاسەوارێکی خراپ لە سەر دەروونت و ئەندامەکانی لەشت بەجێبهێڵێ.
دەرون بەهێزو ئاسودەبن

http://www.warzhidaruni.com

ئاب 30, 2012

ڕه‌وشتی کارکردن – ڕاهێنه‌ری ده‌روونی: عه‌بدوڵا تۆفیق – سوید

ڕەوشت/ ئاکار لەناو کاردا زۆر جیاوازترە لەو ڕەوشتەی کە ئێمە ڕۆژانە باسی ئەکەین وەك بەد ڕەوشتی. ئەکرێت کەسێ بەد ڕەوشت بێ لە هەڵسوکەوتیدا لە گەڵ ماڵەوەیاندا، لە گەڵ دەروروبەریدا یان لەگەڵ خودی خۆیدا، بەڵام لەسەر کارەکەی بەوپەڕی ئاکار جوانیەوە کارەکانی جێبەجێ بکات یان بە پێجەوانەوە.
چۆن کەسێك بەو پەڕی ویژدانەوە ئەیەوێت بەرپرسیاری ئەو ماڵەی کە تیایدا ئەژی لە ئەستۆ بگرێت و کارەکانی وەك مرۆڤێکی کامڵ ڕاپەڕێنێت و ئاکارێكی جوان پیشان بدات. بەهەمان شێوەیش گرنگە کە نزیکەی ئەو %٣٠ ژیانیش کە لە کارکردندایە، ڕۆڵێکی گرنگی هەبێت و بە باشی و پاکی کۆتای بەکاری ڕۆژەکەی بهێنێت. ئێمە ئەبێ بەئاگابین لەوەی کە کارکردن یەکێكە لە ئامانجە گرنگەکانی ژیان و شانبەشانی تەندروستی وپەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان ژیانی مرۆڤ کامڵ دەکات. سیگمۆن فرۆید لە وەڵامێکیدا بۆ دوو شتە گرنگەکەی ژیان ئەڵێ: خۆشەویستی و کارکردن دوو شتی هەرە گرنگی ژیانە.
هەموو یەکێ لە ئیمە لە کارکردندا هەریەکەو خێرای و تێمپۆ یەکی تایبەتی هەیە و بەجۆرێك وریا و ژیرە. ئەمە هیچ نکوڵی لێناکرێت، بەڵام ناشکرێت سودێکی نەرینی لەو گفتە وەربگرین و بڵێین ئێمە جیاوازین لەیەکتر تەنانەت لە کارکردنیشدا. ئەوەی مرۆڤەکان لەیەکتری جیا دەکاتەوە لە کارکردندا ڕادەی بەئاگابوون و لە ئیستا ژیاندایە. کاتێك کە دەڵێم لە ئێستا ژیاندا واتە تۆ هەست بکەیت کە تۆ لێرەدایت و ئامادەیت و چەقی قورسایت لەکاردا بەکار ئەهێنیت بۆ ئەوەی کارێکی بەبەرهەم و بەویژدان و تابتوانی بێ کەموو کوڕی ئەنجام بدەیت. زۆرن ئەوانەی کە تەنانەت کێشە تایبەتیەکانیشیان ئەگوازنەوە بۆ سەرکارەکانیان و لەوێ وەك بڵێی شوێنی خۆ خاڵی کردنەوە بێت لە کێشە، کە بۆ ماڵەوە دەڕۆنەوە هەست بە بەتاڵی بکەن. کە ئەمە جگە لە گواستنەوەی کێشە تایبەتیەکان بۆ ماڵی کەسێكی تر هیچ شتێكی ئەرێنی نابینرێت، بگرە کێشەکان درێژتر و قوڵتر ئەبنەوە. ئەم دیاردەیە لەوانەیە تەنها یەکێك بێت لەو خاڵانەی کە وادەکات خەڵکانێك نەتوانن هەست بکەن کە ئەوان ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لەسەر کارەکەیان کە دەبێت لێی بەئاگابن و بەرپرسن لێی. ئەوانە تەنها بۆ موچە خواردن لە کاردان و شوێنی کەسانیتریان گرتووە.
کارکردن پێویستی بە تەرکیزو بەئاگابوون هەیە، زۆرجار پێویستە تۆ شتەکانت بەبیر بێتەوە، ئەو ڕێگایەی کە تۆ پیایدا دەڕۆیت پاکو خاوێن بێت، ئەو مێزو کورسیەی لەسەری دادەنیشیت خاوێن بێت،بیرت خاوێن بێت، تۆ دەبێت بەرپرسبیت لە کارەکانی خۆت، دەبێ دەست پاك و ڕاستگۆبیت، تۆ دەبێت کاتی پشوت لەسەرکار لەکاتی خۆی درێژتر نەکەیتەوە و فێڵ بەکار نەهێنێت بۆ خۆ دزینەوەت، سودی هەڵە لە کەسانیتر وەرنەگریت و مافیان پێشێل نەکەیت، لە پشتەوە باسی هاوڕێکانت بۆ کەسێکیتر نەکەیت، نهێنیەکانی ناو کار نەگوازیتە دەرەوەی کار،بۆ ئامانجەکانی کارەکەت وزە بەکاربهێنیت و تاد. ڕاستە شێوەی کار و شێوازی کارکردن لە شوێنیکەوە بۆ شوێنێکیتر و لە بەرپرسێکەوە بۆ بەرپرسی کارێکیتر جیاوازی هەیە، بەڵام بۆ هەر کارێکیش ڕۆتین و یاسای تایبەت هەیە کە دەکرێت مرۆڤ لەو چوارچێوەیە لانەدات. زۆربەی سەرۆك کارەکان سکاڵایان لە فەرمانبەرەکانیان بە شێوەی جیاجیا هەیە بەڵام لە ترسی بەریەککەوتنەکان و نەدۆزینەوەی شێوازێك بۆ کردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان بەرپرسەکان لەگەڵ کارمەندەکاندا یان کارمەندەکان لەگەڵ خۆیاندا کێشەیەکی هەمیشەی هەیە. باشترین چارەسەریش بۆ ئەم کردنەوەیە ئەوەیە کە دیموکراتی هەبێت لەناو کاردا، ڕاستگۆی لە نێوان کارمەندەکاندا و خۆ ناسینە کە تۆ وەك کارمەندێك یان فەرمانبەرێك چۆنت پێخۆشە کە مامەڵەت لەگەڵدا بکرێت، هەتا هەموو بگەنە تێگەیشتنێك لەیەکتر. کۆبوونەوەی مانگانە یان بەپێی پێویسیت بۆ کارمەند و فەرمانبەرەکان دابنرێت. لەو کۆبوونەوانەدا کارمەندان مافیان هەبێت بە سەربەستی وتووێژ و ڕەخنە و سەرنجەکانیان پێشکەش بکەن و بەرپرسیش وەڵامی دروست بداتەوە. (هیچ پرسیارێك نیە خراپ بێت، بەڵکو وەڵامی خراپ هەیە).
شێوازێکیتر ئەوەیە کە بەرپرسەکان (کەوچ) واتە ڕاهێنەرێك لەسەر کارەکانیان دامەزرێنن کە شارەزای بواری دەروونی و کارەکە بێت، بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی مانگانەیاندا باس و هەڵسەنگاندنی ئەو ماوەی کارە بکات و وتووێژ لەگەڵ کارمەندەکاندا دروست بکات. ئەمە شێوەیەك ئەبێت لە کردنەوەی کارمەندەکان و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی و ڕۆڵی خۆیان، لەهەمان کاتیشدا هەست بە گرنگی خۆیان دەکەن و دەزانن کە دەنگیان دەگاتە بەرپرس و چارەسەری کیشەکانیان دەکرێت. بەم جۆرە کارمەند و بەرپرس زیاتر شانبەشانی یەکتری کار ئەکەن و خۆشیەکانی سەر کاریش زیاتر دەبێت، لە هەمانکاتیشدا کارمەندەکان تەندروستی دەروونیان باشتر ئەبێت. ئەگەر کارمەند ڕۆحی بەرپرسیاری تیابوو ڕێگە نادات کارمەندێکیتر بەئارەزووی خۆی و لەبەر کەمی ئاکاری کارکردنی ناوی کارەکەی پیس و خراپ بکات. بەڵکو ڕێگەی لێدەگرێت، کە ئەمەش بوێری پێویستە و هەمئاهەنگی دەوێت.
کاتێکی کەم تەرخان بکە و بیرێك لەو کارمەندانە بکەرەوە کە تۆ لەگەڵیاندا ڕۆژانە بۆ ئامانجێك لە سەرکارەکەتان کۆ ئەبنەوەو کار دەکەن. پاشان بزانە تۆ تەندروستیت چۆنە کە دەچیتە ناو کارەکەت. ئەگەر خراپە هۆکارەکەی چییە؟ کێیە؟ ئایا لە نێوان هاوڕێکانتا هەیە کە بەدڵ نەیەتە سەر کار و هەمیشە دودڵ و زویر بێت؟ ئەزانی کەسێ یان چەند کەسێك ڕەوشتی کارکردنیان خراپەو تێك دەرن؟ ئەی بە پێچەوانەی ئەو گروپە تۆ ئاگاداریت لەوانەی کە بەدڵ کار ئەکەن و هەمیشە ورە و وزە بەخشن و ڕەوشتی کارکردنیان بەرزە؟ تۆ هاوڕێی کام لەم دوو جۆرە مرۆڤانەیت؟ ئەی کاتێك کە دەزانیت کارمەندیك هێدی هێدی بە نهێنی خەریکە کارەکەت ئەشێوێنێ و لە گەڵ یاساو ڕۆتینی کارەکەتدا یەکناگرێتەوە ، تۆ چی ئەکەیت؟
سەرکەوتوبن
http://www.warzshidaruni.com
عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی

ته‌مموز 2, 2012

مێدیته‌یشنێک له‌گه‌ڵ ناوی زاتی (الله‌) دا – عه‌بدوڵا تۆفیق – ڕاهێنه‌ری ده‌روونی – سوید

ئێمە ڕۆژانە لە زۆر باری جیا جیادا و زۆرجاریش بە بێئاگایانە دەڵێین یا اللە. ئەمە بەدەر لەوەی کە مرۆڤە ئیماندارەکان زۆر ناوی خودا (اللە) لە شێوەی زیکر کردندا دەهێنن. ناوی زاتی (اللە) و پەنابردن بەو ناوەگەورەو پیرۆزە ئەبێ لە ڕێگە زانستی و تەندروستیەکەیەوە چی بە مرۆڤ ببەخشێت؟
زۆر لێکۆڵینەوە کراوە لەسەر کاریگەریە ئەرێنیەکانی بەکارهێنانی ناوی اللە، هەرچەندە خوای گەورە خۆی لە قورئانی پیرۆزدا پێمان دەڵێ: تەنها بە یادکردنەوەی ناوی اللە دڵەکان تەواو دڵنیا و ئارام دەبن.
لە یەکێ لە لێکۆڵینەوەکاندا کە لە زانکۆی ئەمستەردام لە هۆڵەندا ئەنجامدرا لەسەر ناوی اللە، ئەوەیان بە تەواوی بۆ ڕوون بوویەوە کە چۆن ئەو پیتانەی ناوی اللە پێکدەهێنێت کاریگەریان هەیە لەسەر کۆئەندامی هەناسەو سنگ کە دەبێتە هۆی هێمنیەك لە سەر سنگ، وە پیتەکانی ڵ کە ئارامیەکی نەفسی بە ڕۆح و مێشك ئەدات ، وە پیتی کۆتای کە ( ه ) لێدانی دڵ یەکدەخاتەوە و بەهۆی هەناسەدانە دەرەوە.
بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی باشتر و بەئاگاتر ناوی زاتی اللە بەکاربهێنین و زیاتر هەست بەو کاریگەریە ئەرێنیانە بکەین، پێم باش بوو ڕاهێنانێك لە شێوەی مێدیتەیشندا ئامادە بکەم بۆ ئەوەی خوێنەر باشتریش ئاشنای مێدیتەیشن ببێت و بزانێت کە مێدیتەیشن بۆ زۆر بواری ژیان بەکار دەهێنرێت. وە لە ئاینەکاندا بەکاردێت هەرچەندە ئاشنای بوون بە وشەی مێدیتاشون جارێ لە کۆمەڵگای ئێمەدا لە سەرەتادایە.
بەم شێوەیە بکە:
هەروەك هەمیشە لە ڕاهێنانە دەروونیەکاندا باسمان کردووە کە بۆ خۆ ئامادەکردنت بۆ هەر ڕاهێنانێك تۆ پێویستت بە ژینگەیەکی ئارام هەیە و باشتریشە کە تەنها بیت. خۆت کەمێ خاو بکەرەوەو چاوەکانت داخە.
هەست بکە تۆ ئیتر ژیانی ئێستا بەجێدەهێڵیت وسەرنج و بیر و هۆشت لە گەورەترین و میهرەبانترین بوون، لە بە دەسەڵاترین دەسەڵات، لە زاناترین زانا، لە خالقی زەوی و ئاسمانەکان لە ناوی اللە دا ئاویتە ئەبێت.
ئەوەی لەسەر تۆیە هاتنی ناوی (اللە) یە لە پێش چاوت. کە ئەم نوسراوەیەت بینی ئیتر تۆ بە هێواشی و زۆر ئارامی بۆ خۆتی بخوێنەرەوە ( اللە). هەر جارێك کە دەڵێیت اللە پیتی کۆتای (ه) درێژبکەرەوە و هەموو هەناسەی سیەکانت بکەرە دەرەوە. ئینجا هەناسەیەکی قوڵ هەڵمژەو دیسانەوە ناوی زاتی اللە بڵێرەوە. باشترە لە نێوان هەر جارێکدا ١٠تا ٢٠ چرکە نێوانیان بێت. بۆ ماوەی ٣ تا ٥ خولەك بەدەوامبە.
من دڵنیام سەرەڕای ئەوەی کە تۆ ئارامیەكی دەروونی زۆر هەست پێدەکەیت، تۆ لەهەمان کاتیشدا هەست بە نزیکبوونەوەیەك ئەکەیت لە گەڵ خوادا و هەست دەکەیت سوکیەك بە دڵ و دەروونتا دێت وتوانایەکی سەیر هەست پێدەکەیت کە خودا پیتی بەخشیوە.
خودا پشتیوانی هەموو ئەوانە دەبێت کە لە دڵەوە ناوی دێنن و پێمان دەفەرمێ: یادم بکەن یادتان ئەکەم.
سەرکەوتوبن http://www.warzshidaruni.com

حوزه‌یران 6, 2012

مێدیته‌یشنێک له‌گه‌ڵ وشه‌ی (هیچ) دا – عه‌بدوڵا تۆفیق – ڕاهێنه‌ری ده‌روونی – سوید

مێدیتەیشنێك لەگەڵ وشەی (هیچ) دا
عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی

ڕۆژیك زۆر سەرقاڵی دۆزینەوەی هۆکاری ئەو هەموو توڕەبوون و بار پەشێویەی یەكێك لە نەخۆشەکانم بووم و بەدوای چارەسەرێكدا دەگەڕام. نەخۆشەکەم نەخۆشی ئەڵشایمەر (دێمێنس)ی هەیە. بێگومان پێش ئەوەی کە پەنا ببرێتە بەر دەرمانی ئارامکردنەوە دەبێت ڕێگاکانیتر تاقیبکرێتەوە هەتا کەسێك هێور بکرێتەوە. ئەوەی لێرەدا مەبەستمە پرسیارێکی من و وەڵامێکی ئەو نەخۆشە بوو کە هیچ ئارامی نەمابوو هەر ئەهات و ئەڕۆی بە دەمووچاو گرژیەکەوە. کاتێك کە لێم پرسی بیر لەچی ئەکەیتەوە؟ ئەویش لەوەڵامدا وتی: من بیر لە (هیچ) ئەکەمەوە؟.
وەڵامی ئەم پیاوە دەست بەجێ ئەو کاتەی بیر هێنامەوە کە لەگەڵ مناڵەکەمدا باسی دروستبوونی دونیامان ئەکرد کە چۆن خودای باڵا دەست ئەم هەموو شتەی دونیای لە هیچەوە هێنایە بوون. مناڵەکەم وتی بابە: ئەزانی بیر لەچی ئەکەمەوە، تۆ بیر بکەرەوە کە هیچ شتێك نەبێت و ئێمەش نەبین، هەستمان چۆن ئەبێت؟
ڕەنگە ئێوەش وەك من وەڵام بدەنەوە، کە ئەگەر ئێمە نەبین هیچ هەستێکمان نیە و نازانین. بەڵام پرسیارەکە خۆی لە خۆیدا زۆر فەلسەفیانەیە، لەبەر ئەوەی زۆربەی پرسیارەکانی مناڵ فەلسەفەیە و زۆرجار زاناکانیش ناتوانن وەڵام بدەنەوە.
ئێمە زۆرجار وشەی (هیچ) بەکار ئەهێنین بەبێ ئەوەی بەتەواوی لەماناکەی بگەین، بۆ نمونە بەکەسێك ئەلێین بۆچی وا بێدەنگی شتێك بووە؟، یان لەدەرەوە چ باسە؟ و هتد. بەڵام زۆر بەی وەڵامەکان بە (هیچ) نیە و هیچ نەبووەیە. بەڵام ئایا ئەو وەڵامانە دروستن؟. بەڵێ لەبەر ئەوەی کە ئەو وەڵامە بووتە ڕۆتینێك لە قسەکردنماندا و بۆ خۆ دەربازکردن لە باسکردنی شتێك بەشێوەیەك ڕازیکەرە.
ماوەیەکە پرسیار لە مناڵ و گەورەو نەخۆش و ساغ ئەکەم کە لای ئەوان (هیچ) مانای چییە؟ هەموویان هەر ئەلێن مانای (هیچ) هەر هیچە. بەڵام کەوابوو (هیچ) چییە؟
هەر سەبارەت بەم باسە پێم باشبوو ڕاهێنانیك بۆ وشەی (هیچ) ئامادەبکەم. ئێمە هەموومان پێویستیەکی زۆرمان بە (هیچ) هەیە کە هەندێجار تیایدا بژین، کە لەوێدا هەموو شت بەخواستی خۆمان بوەستێنین. چوونە ناو باری هیچەوە ماوەدانێکە پڕیەتی لە وەستان و دوورکەوتنەوە لە دوودڵی، لەو بیرکردنەوانەی کە بەوێنەی جۆراو جۆری ترسناکەوە خۆی دەکات بەمێشکمانداو هۆقرەی لێهەڵبڕیوین و بۆ ماوەیەکی کەمیش ناهێڵێت خۆمان بین.
مێدیتەیشنێکی زۆر ئاسانم بۆ ئامادەکردوون بۆ ئەوەی بزانن کە وشەی (هیچ) چەند مانادار ئەبێت لەلاتان و هەست بەو پێویستیە گرنگە ئەکەن ئەگەر ئاشنای ئەو وشەیە ببن. ئەم مێدیتەیشنەم بۆ مناڵ و گەورە ساڵم تاقی کردووەتەوە هەموویان هەستیان بە جۆرێك بەسەرهات و کۆنتڕۆڵی خۆیی کردووە لەگەڵ دلخۆشیدا.
بەم شێوەیە بکە:
لە شوێنێکی بێدەنگدا کە هەر خۆتبی، شێوەیەکی خۆش بدۆزەرەوە بۆ دانیشتنت، یان ئەتوانی پاڵ بکەوی لەسەر پشت. کە هەستت کرد ئەتوانی بۆ ماوەی ١ یان ٢ خولەك بەو شێوەیە بیت ئیتر تۆ چاوت دابخە. هەناسە لەسەر خۆ بدەو دونیای دەرەوە بەجێبهێڵە. ئەوەی لەسەر تۆ داواکاریە ئەوەیە کە تەنها ئارام بگرە. سەرەتا وا دەست پێبکە کە تۆ بیر لەهیچ نەکەیتەوە. بەڵام ئۆتۆماتیکی پاش چەند چرکەیەك وخەیاڵیك بە وێنەوە سەر هەڵ ئەدات. تۆ هەر کە زانیت خەیاڵەکەت بۆهات دەست بەجێ وشەی (هیچ) ببینە کە لە بەردەمتا نوسراوە. تەنها ئەو وشەیە ببینەو بۆخۆتی بخوێنەرەوە. بەڵام دیسانەوە خەیاڵێکیتر سەر هەڵئەدات، تۆش دیسانەوە ئەو ووشەیە ببینەو بیخوێنەرەوە. تۆ بەم شێوەیە بەردەوامبە هەتا ڕێگا لە هەموو ئەو بیرکردنەوانەت ئەگری کە ئەیەوێ تۆ لە ئارامیەوە بەرەو گرژی و سەرقاڵی ژیان بباتەوە.
تۆ ئەتوانی لەسەرەتاوە بۆ فێربوونی خۆت لە ١ خولەکەوە دەست پێبکەیت، پاشان بەپێی پێویستی خۆت زیاتری بکەیت و لەزۆر باری جیاجیادا بەکاری بهێنیت. ئەم ڕاهێنانە زۆر گونجاوە بۆ دەرکردنی خەیاڵی ناخۆش و گەڕانەوە بۆ دۆخێکی خۆش کە تۆ خۆت خوازیاریتی. کە فێر بوویت بەکاری بهێنیت ئیتر تۆ لەوانەیە لەکاتی پیاسەکردندا، لەناو پاس و ئۆتۆمبیلیشدا بە ئاسانی کار بکەیت بۆ وەستانی بیرکردنەوەی ناخۆش، بەڵام خۆت بەم ڕاهێنانەوە خەریك مەکە لەکاتێکدا کە خۆت شۆفێری ئەکەیت.
سەرکەوتوبن
http://www.warzshidaruni.com

نیسان 29, 2012

ئه‌و شته‌ی که‌ که‌س ده‌ستی نایگاتێ – عه‌بدوڵا تۆفیق – ڕاهێنه‌ری ده‌روونی

ئەو شتەی کە کەس دەستی نایگاتێ
عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی

زۆر جار کە یەکتر ئەبینین یان لە ڕێگەی تەلەفونەوە پرسیارێك کە بەردەوام لەیەکتری ئەکەین ئەوەیە کە دەڵێین: تەندروستیت چۆنە؟ هەواڵت چۆنە؟ من هیوادارم کە هەموو باشبن، بەڵام ئەی ئەگەر باش نەبوون. بۆیە ئەم بابەتە ئەنوسم هەتا بزانیت کە ئەو ڕۆژانەی کە تۆ باشنیت شتێك هەیە کە پێویستە بەبیرت بێتەوە ئەویش هێزە دەروونیەکەتە.
کاتێکە کە لەوێدا تۆ هەست بە چۆڵی ئەکەیت. شتێك یان کەسێك بەجێی هێشتوویت و تۆ بەتەنها ماویتەتەوە. ئەی ئەو خەونەی کە بەرەو شتیکی باشتربوو، بەرەو کوێ ڕۆی؟ ئەی ئێستا چی ئەکەیت؟ ئەتەوێ لێرەدا بمێنیتەوە و بوەستی یان ڕێگا ئەگریتە بەر؟ بەڵام بەرەو کوێ؟ چۆڵی دەنگ ئەداتەوە وەك خانوویەکی چۆڵی بێ کەلوپەڵ.
تۆ وا هەست ئەکەیت کە کەسێك هەموو ئەو شتانەی کە تۆ هەتبوون هەمووی لەگەڵ خۆیدا بردو ڕۆی. ئیتر هەموو شت تەواو بوو. هیچ شتێك نەما کە ڕزگاری بکەیت. ئەو شتانەی کە نرخیان هەبوو ئیتر لەلات نەما هەر وەك ڕەشەبایەك هەمووی پێچابێتەوە لەگەڵ خۆیدا.
بەڵام ئەم بیرکردنەوانە هەڵەن لەبەر ئەوەی بەسەرهاتەکەت لێرەدا کۆتای نایەت. لەوانەیە سەرەتایەکیش بێت بۆ دەست پێکردنەوەت.
هەموو شتەکانت نەپێچراونەتەوە لەگەڵ ڕەشەباکەدا لەبەر ئەوەی تۆ لەبیرت چووە کە شتیکت هەیە کە کەس ناتوانێ بیگاتێ. ئەویش لەناو خۆتدا هەیە. نرخی خۆت، ڕێزی خۆت، توانای خۆت کە کە بەردەوام هەیە لە ناوتا کە ئەتوانێ مادە بدۆزێتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ژەهراوی بوونەت کە لەکاتی تەنها مانەوەتدا هەستت پێ ئەکرد. ئەو هێزەت ئامادەیە بۆ پڕکردنەوەی ئەو چۆڵاییە و دیسانەوە مانایەکیترت پێ ئەبەخشێ. هەندێ جار وا هەست ئەکریت کە ئەمە ڕێگایەکی زۆری بوێت هەتا ئەگەیتە ئەو سەرچاوانەت و بەکاریان بهێنی، بەڵام هیچ رێگایەکیترت لەبەردەمدا نیە جگە لەوە.
کە لە یاریەکدا بدۆڕێیت بەڵام هەست بکەیت کە براوەیت نەك براوەبیت هەست بکەیت دۆڕاویت، ئەمەیە کە پێناسەی تۆ ئەکات وەك مرۆڤێك.
ئەوەش بزانە کە کەس نیە ئەوەت بۆ چارەسەر بکات بێجکە لە خۆت. تەنها تۆ خۆت ئەبیت و کەسیتر ناتوانێ گاگۆلکێت پێبکات. دەبێ زۆر باش سەیری دەوروبەرت بکەیت، تۆ کاڵا نیت وهەرگیز بۆ فرۆشتن نیت. هەرگیز ئەمەت لەبیر نەچێت.
هەرگیز خۆت مەدەرە دەست شەیتانەکان و ڕیگایان پێمەدە کە بیرکردنەوەی خراپت بدەنێ و وەك زۆرکەسی پێش تۆ ڕێگای خۆکوشتن و کاری خرپیان جێبەجێکرد. تۆ خۆت دەربازکە و وەختی هاتووە کە بڕیار بدەیت بەردەوامبیت.
ئەو شتەی کە بە ڕێکەوت بەدەست هێنابێ تۆ هەرگیز لێی دڵنیا نابیت، بەڵام ئەگەر خۆت دروستتکردبێ بە هەوڵی خۆت ئەوکاتە هەست ئەکەیت کە جیاوازیەك هەیە لەنێوان ئەو شتەی کە بووە و ئەو شتەی کە ئەبوایە بەشێوەیەکیتر ببوایە.
ئەوەش ئەکرێت کە چارەنوسێكی نوێ بۆ خۆت دیاری بکەیت و ئەو زنجیرانەی کەتۆی پێ بەستراوەتەوە لە بازنەیەکدا بەهۆی ئەو بەسەرهاتەوە کە تێکت بشکێنێ بەسەریەکدا، تۆ تێکیان بشکینی. ئەتوانی نەخشەیەکی نوێ بکێشی بە هۆی بیرکردنەوەیەکی جوامێرانەوە. بەڵام هیچ شتێك مەحاڵ نیە و بریار بدە.
زۆر جار تۆ هەست ئەکەیت کە بەرزوونزمی دێتە ڕێگاکەت بۆ ئەوەی کە بتوەستێنێ و تاریکی دروست ئەکات هەتا ئەو شتانەی کە تۆ لەناوتا ماوەتەوە و لەبەردەمتایە نەیان بینی. تۆ ئەتوانی بیرێك بکەیتەوە کە ئایا لە کەیەوە تۆ بڕوات بە داهاتوو نەماوە. ئەوە بزانە کە ئەوان شتێك هەیە کە هەرگیز ناتوانن دەستیان بیگاتێ. ئەوە بزانە کە تۆ ناخت خودا پێی بەخشیویت و سروشت خۆی بەڕێوەی دەبات، ئەگەر چی هەمیشە بەو شێوەیەش هەستی پێ ناکرێت، بەڵام تۆ لە ناو مرۆڤێکی گەورەدا دەژیت و گەر بەو شێوەیە ڕەفتاری لەگەڵدا نەکەیت و ئاگات لێی نەبێت تۆ بوختانێکی گەورەی بۆ ئەکەیت و خۆت تاوان باریت.
مەڵێ بە بروای من وا ئەبێ، بەڵکو ئەبێ بزانی کەوا ئەبێت. پێویست ناکات کە ئێمە لەدەرەوە بیربکەینەوە کە جانتایەك چی تیایە، لەبەر ئەوەی شتەکە لە ناو جانتاکەدایە.
سەرکەوتوبن
http://www.warzshidaruni.com

نیسان 1, 2012

مێدیته‌یشن ئازاری جه‌سته‌ که‌م ده‌کاته‌وه‌ – وه‌رگێڕانی له‌ ئه‌ڵمانییه‌وه‌ – کامه‌ران چروستانی

مێدیته‌یشن ئازاری جه‌سته‌ که‌م ده‌کاته‌وه‌
وه‌رگێڕانی له‌ زمانی ئه‌ڵمانییه‌وه‌: کامه‌ران چروستانی

زۆر جار باس له‌وه‌ ده‌کرێت، که‌ مێدیته‌یشن یارمه‌تی زۆر لایه‌نی جه‌سته‌یی و ده‌رونیی و هزریی مرۆڤ ده‌دات و ڕۆڵێکی گرنگ ده‌بیبێت له‌ به‌هێزکردنیان. بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ی ئه‌م بۆچوونانه‌ش ئێستا له‌ جیهاندا چه‌نده‌ها بنکه‌ی توێژینه‌وه‌ کراونه‌ته‌وه‌، که‌ تیایدا مۆدێرنترین ئامێر و ڕێگه‌ی نوێ به‌کار ده‌هێنرێن بۆ سه‌لماندنیان. کاریگه‌ری مێدیته‌یشن به‌ شێوه‌یه‌ک به‌رفراوان بووه‌، که‌ هه‌ندێک ڕێبازی نوێی ده‌رونناسی پشت به‌ فه‌لسه‌فه‌ و ڕێبازه‌ جیاوازه‌کانی ڕۆژهه‌ڵآتی ئاسیا ده‌به‌ستێت.
له‌ یه‌کێک له‌ توێژینه‌وه‌کاندا ئه‌وه‌یان بۆ ده‌رکه‌وتووه‌، که‌ مێدیته‌یشن و ڕاهێنانه‌ ڕۆحییه‌کان له‌ کاتی بوونی ئازاردا یارمه‌تی ده‌ده‌ن و هه‌روه‌ک هه‌موو ده‌رمانێکی دیکه‌ ئازاره‌کان که‌م ده‌کاته‌وه‌.هاوکات توێژه‌ران توانیویانه‌ به‌ دوای ئه‌وه‌شدا بچن له‌ناو مێشکدا چی ڕوو ده‌دات. ،کاتێک که‌سێک مێدیته‌یشن و یارییه‌ ڕۆحییه‌کان به‌جێ ده‌هێنێت.
هه‌میشه‌ له‌ میانی زانسته‌وه‌ زیاتر و زیاتر لایه‌نه‌ پۆزه‌تیڤه‌کانی مێدیته‌یشن ده‌رده‌که‌وێت. توێژینه‌وه‌کان ئه‌وه‌یان ده‌رخستووه‌ که‌ مێدیته‌یشن وردبینی و به‌ئاگابوون له‌ مرۆڤدا زیاتر ده‌کات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لای زانستی پزیشکی جێی بایه‌خه‌ بریتییه‌ له‌ کاریگه‌رییه‌ پۆزه‌تیڤه‌کان له‌ کاتی هه‌بوونی ئازاردا. توێژه‌رانی زانکۆی وه‌یک فۆرێست – کارۆلینای باکور (Wake Forest University-North Carolina) نه‌ک ته‌نها کاریگه‌رییه‌کانی مێدیته‌یشنیان پێواوه‌، که‌ هێزه‌که‌ی له‌ چ ئاستێکدایه‌، به‌ڵکو ڕه‌وتی ئه‌م کاریگه‌رییه‌یان له‌ناو مێشکی مرۆڤدا ده‌رخستووه‌ و سه‌لماندووه‌.
ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ش له‌ گۆڤاری (بڵاوکراوه‌ی زانستی ده‌مارزانیی) ( Journal of Neuroscience) بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ و تیایدا ئه‌وه‌یان ڕوون کردۆته‌وه‌، که‌ ئه‌م کاریگه‌رییانه‌ له‌پاش ماوه‌یه‌کی کورت له‌ ڕاهێنان ده‌رده‌که‌وت: بۆ ماوه‌ی چوار ڕۆژ پانزه‌ که‌س ڕاهێنانی مێدیته‌یشنیان پێ ده‌کرا. کۆی ماوه‌ی گشتی ڕاهێنانی مێدیته‌یشنه‌کان کاژێر و نیوێک بوو، که‌ له‌و ماوه‌یه‌دا جۆری “مێدیته‌یشنی به‌ئاگابوون” له‌ لایه‌ن به‌شداربووانه‌وه‌ به‌جێ ده‌هێنرا، بۆ ئه‌وه‌ی کۆنترۆڵی هه‌ناسه‌دانی خۆیان بکه‌ن.
له‌ سه‌ره‌تادا ده‌بووایه‌ ئازاریان بچێژتایه‌. توێژه‌ره‌کان بۆ ئه‌مه‌ش پارچه‌یه‌ک کانزایان ده‌خسته‌ سه‌ر ڕانی ڕاستی به‌شداریکه‌ران، که‌ پله‌ی گه‌رمی ده‌گه‌شته‌ نزیکه‌ی په‌نجا پله‌ی سه‌دی. هه‌موو شه‌ش خوله‌کێک داده‌گیرسێندرا و ده‌کوژێندرایه‌وه‌. ئه‌م دۆخه‌ش بۆ هه‌موو مرۆڤێک ئازاربه‌خش و ناخۆشه‌. پاش ئه‌وه‌ به‌شداریکه‌ران چۆنێتی و چه‌ندێتی هه‌ستکردنیان به‌ ئازاره‌که‌ و چه‌ندێتیی ئازاره‌که‌ تۆمار ده‌کرد. هاوکات چالاکییه‌کانی ناو مێشک به‌هۆی ته‌کنه‌لۆجیای تۆمۆگرافی (Nuclear spin tomography ) تۆمار ده‌کرا و ده‌پێورا.
.
پاش به‌جێهێنانی مێدیته‌یشن ده‌بووایه به‌شداریکه‌ران ‌ سه‌ر له‌ نوێ هه‌مان ئازار تاقی بکه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان له‌گه‌ڵ تاقیکردنه‌وه‌که‌دا مێدیته‌یشنیان ده‌کرد. ئه‌نجامه‌که‌: بڕی ئازاره‌که‌ به‌ ڕێژه‌ی 40% که‌متر بوو، هه‌روه‌ها ئه‌و هه‌سته‌ ناڕه‌حه‌تییه‌ی ناخیان به‌ ڕێژه‌ی 57% که‌متر بوو. ئه‌م بڕانه‌ش هه‌مان بڕه‌ که‌ ده‌رمانی دژی ئازار ده‌یبه‌خشێت به‌ مرۆڤ. له‌ هه‌ندێک بار و دۆخی هاوشێوه‌ی تاقیکردنه‌وه‌دا و له‌ به‌کارهێنانی مۆرفیندا که‌ وه‌کو ئازار که‌مکه‌ره‌وه‌یه‌ک به‌کار ده‌هێنرێت، کاریگه‌رییه‌که‌ی که‌متره‌.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی، که‌ مێدیته‌یشن ده‌توانێت ئازار که‌م بکاته‌وه‌، ئه‌وا له‌م ساڵانه‌ی دوایدا چه‌نده‌ها جار باسی له‌سه‌ر کراوه‌ و شی کراوه‌ته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌م گروپه‌ ویستیان پێی بگه‌ن بریتییه‌ له‌وه‌ی ئایا چ به‌شێکی مۆخی مرۆڤ به‌رپرسیاره‌ له‌م چالاکییه‌. پێوه‌ره‌کانی تۆمۆگرافییه‌که‌ ئه‌وه‌یان ده‌رخستووه‌، که‌ چالاکییه‌کانی به‌شی پێشه‌وه‌ی له‌فکراوه‌کانی ناو مۆخ که‌متر ده‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌و به‌شه‌ی مۆخه‌ له‌ ناو مۆخی گه‌وره‌دا که‌ له‌گه‌ڵ به‌شه‌کانی دیکه‌دا به‌رپرسایره‌ به‌رامبه‌ر به‌ درکپێکردنی شوێن و هه‌ستکردن به‌ چڕێتی ئازاره‌کان. واته‌ له‌م به‌شه‌دا و له‌ کاتی مێدیته‌یشندا ئه‌م شانانه‌ بڕی ئازاره‌کان که‌متر وه‌رده‌گرن و کاردانه‌وه‌ی خۆپاراستنیش به‌ هه‌مان شێوه‌ که‌متر ده‌بێت. هه‌روه‌ها توێژه‌ره‌کان له‌ به‌شه‌کانی دیکه‌ی مۆخدا کاردانه‌وه‌ی جیاوازیان به‌دی ده‌کرد، بۆ نمونه‌ له‌ به‌شی پێشه‌وه‌ی مۆخدا، که‌ به‌رپرسه‌ له‌ به‌شداریکردن له‌ چۆنیه‌تی و هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌سته‌کان، که‌ له‌م به‌شه‌شدا له‌ کاتی مێدیته‌یشندا چالاکییه‌کانی مۆخ جیاوازییه‌ک به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت، ئه‌مه‌ش هۆکاره‌ بۆ ئه‌وه‌ی مێدیته‌یشن له‌و ناوچانه‌دا به‌و شێوه‌یه‌ چالاک بێت.
ئالێکس زاوترا، پرۆفیسۆری ده‌رونناس له‌ زانکۆی ئه‌ریزۆنا له‌م ساڵانه‌ی پێشوودا ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه‌، که‌ هه‌ناسه‌دانی هێواش و خاو ده‌بێته‌ هۆی که‌مکردنه‌وه‌ی هه‌ستکردن به‌ ئازار. له‌م توێژینه‌وه‌دا به‌شداری نه‌کرد و هه‌روه‌ها ڕه‌خنه‌ی له‌وه‌ گرت، که‌ بانگهێشت نه‌کراوه‌ بۆ ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌، که‌ چه‌نده‌ها پرۆفیسۆر و پسپۆری دیکه‌ به‌شدارییان تیادا کردبوو. به‌ڵام هاوکات ئه‌ویش ئه‌وه‌ی دووپات کرده‌وه‌، که‌ مێدیته‌یشن لێره‌دا ڕۆڵێکی گرنگ ده‌بینێت جگه‌ له‌وه‌ی که‌ چاوه‌ڕوانکردن و خود ئاماده‌کردنی ئه‌و که‌سه‌که‌ش بۆ که‌مبوونه‌وه‌ی ئازاره‌کان له‌ پاش جێبه‌جێکردنی مێدیته‌یشنه‌که‌ ڕۆڵێکی دیکه‌ ده‌بینێت. واته‌ له‌م خاڵه‌دا مێدیته‌یشن وه‌ک به‌هێزکه‌رێکی ده‌روونیی و جه‌سته‌یی کاریگه‌ریی خۆی ده‌بینێت.
chrostani@hotmail.com

ئازار 18, 2012

گه‌شه‌ بده‌ به‌ که‌سایه‌تیت – عه‌بدوڵا تۆفیق – ڕاهێنه‌ری ده‌روونی – سوید

گەشە بدە بە کەسایەتیت!
عەبدوڵا تۆفیق
ڕاهێنەری دەروونی
سوید

مەبەست لە گەشەکردن بە کەسایەتی ئەوەیە کە ئێمە لەناو خودی خۆماندا بگەڕێین بۆ گۆڕانکاری، وەك شێوەیەك لە خۆ باشترکردن. کە کار بکەین لەگەڵ خودی خۆماندا بۆ لەناوبردنی شێوازە کۆنەکانمان و ئەو شتانەی کە سنوردارمان ئەکات. ئەو مرۆڤانەی کە بە شێوەیەك لە شێوەکان لە نائارامی و ئازاردا ئەژین لەوانەیە لەسەرەتاوە بگەڕین بە دوای گۆڕانکاریە دەرەکیەکاندا، ئەیانەوێ دەوروبەریان بگۆڕن بە زۆر شێوەی جیا جیا و زۆرجار وا ئەزانن کە هەڵەکە لەو شوێنانەدایە بۆ نمونە شوێنی کار، ڕووخسار، هاوڕێ، خێزان تاد. لەڕاستیدا ئەوە هەڵە نیە کە بەشی دەرەوە بگۆڕی، بەڵام بۆ ئەوەی بگەیتە ڕاستیەکان و خۆشیت بۆ بگەڕیتەوە پێویستە تۆ لە ناو خۆتەوە دەست پێ بکەیت. کاتێك کە دەستمان کرد بە گەشتکردن بەناو خودی خۆماندا هیچ گەرانەوەیەك و سنوریك نیە، لەبەر ئەوەی ئێمە بەدوای خۆماندا دەگەڕێین، بەدوای ڕاستەقینەیەکەی خۆمان. ئەوەش بزانە کە ئەو گەشتەت پڕ ئەبێ لە فرمێسك و پێکەنین.
ئەوەی لێرەدا گرنگە بۆ ئەو گەشتەت ئەوەیە کە تۆ ئەبێ واز لەوە بهێنی کە پێناسەی خۆت بکەیت بە بچوکی کە ئەبێتە هۆی نائارامی و شلەژانت. لەوانەیە لە هەندێ شتەوە دەست پێبکات کە تۆ بۆت ئاسان نەبێت کە ڕازی بیت بیانبینی، وەك ئەو هەستانەی کە پڕیەتی لە ناڕەحەتی، شکست، توڕەیی، دڵپیسی، ترس، تاد.
ئێمە هەموومان بەشێك لە تاریکیمان تیایە، هەربۆیە ئەو بەشانەن کە ئەبێت دیسانەوە لە باوەشیان بگرین هەتا بەشێوازێکیتر مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین بۆئەوەی ئازاد بین لێیان. ئێمە ئەتوانین هەموو شت بەتەواوی ئاڵوگۆڕ پێبکەین بە هۆی ئەو توانایەی کە لە بەئاگابوونماندا هەیە و خۆڕسکە لە لایەن خوداوە. تەنانەت تاریکترین تاریکی ئەتوانین بگۆرین بە ڕوناکی. کاتێك کە ئێمە ئەمانەوێ لە تاریکی بکۆڵینەوە هەست بەوە ئەکەین کە تاریکی وانەبوو کە بەو ئەندازەیە لێی ترسابووین لە سەرەتاوە. هەر بەم شێوەیەش ئێمە داوای لێبوردن لە خۆمان ئەکەین و خۆمان خۆش ئەوێت کە چیتر خۆمان ئازار نەدەین. بۆشمان ئاشکرا ئەبێت لەم گەشتەدا کە ئەوەی ئێمە زۆر لێی ئەترساین تەنها شتێکی خەیاڵی بوون.
ئەوەی لە ژیاندا ڕوو ئەدات ئەتوانین بە باشترین شێوە وانەی لێ فێرببین و بمان گەیەنێتە لوتکەی گەشەکردنمان لە کەسایەتیدا، ئەگەر وامان بوێت. ئەوەش زۆر گرنگە کە ئێمە ئەبیت کراوە بین بۆ هەموو هەلوومەرجەکانی ژیان بۆ ئەوەی سود لە هەموو قۆناغەکانی ژیان وەربگرین. زۆر جار کە لەگەڵ ناڕەحەتیەك سەر هەڵئەدات زۆر بۆمان ئاسان ئەبێت کە کەسێکیتر یان هەر شتێکیتر لە دەرەوەی خودی خۆمان بێت پێی تاوانبار بکەین، لەباتی ئەوەی کە بیگەڕێنینەوە بۆ خۆمان و پرسیار لە خۆمان بکەین: لەم هەلومەرجەدا ئەتوانم فێری چی ببم؟ لەگەڵ تۆ ئەم پرسیارەت بەراستی لەخۆت کرد ئەو کاتە تۆ گەشتەکەت دەست پێئەکات. ئەو کاتە ئێمە ئەمانەوێ خۆمان بدۆزینەوە، ڕاستیەکانی خۆمان، ئەوەی کە تەواوە و درۆی تیانیە، ئەوەی کە ئازاد و سەربەستمان ئەکات.
ڕاهێنانی دەروونی زۆر ڕێگایتری تیایە بۆ خۆناسین و گەشەکردن بە کەسایەتیت، هەتا بتوانی خۆت ببینی کە تۆ ئێستا لە کوێی ژیانتدایت. بە پشتیوانی خودا کە هەموو ئەو خانەو دەمارو مێشك و دڵەی کە بە مرۆڤی بەخشیوە ڕیگایش هەیە بۆ باشترکردنی ژیانی خۆمان. ڕیگاکان ئاسانن و زیاتر بابەتەکانی ڕاهێنانە دەروونیەکان بخوێنەرەوە.
سەرکەوتوبن
http://www.warzshidaruni.com

ئازار 15, 2012

ڕاستترین ڕاستی – ڕاهێنه‌ری ده‌روونی: عه‌بدوڵا تۆفیق – سوید

ڕاستترین ڕاستی
عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی
سوید

مردن، ئەو وشەیەی کەزۆر ئەیبیستین و نامانەوێ خۆمانی تێبگەیەنین لەبەر ئەوەی لە لای زۆربەمان بە واتای کۆتایی دێت و ڕکمان لێی دەبێتەوە. چ شتێك هەیە ئەوەندەی مردن مرۆڤەکان بترسێنێت؟ زۆربەمان ئەڵێین: ئەگەر مردن نەبوایە لەهیچ شتێك سڵمان نەئەکردەوە و چیمان ئارەزوو بکردایە ئەنجاممان ئەدا. ئەگەر پرسیارێكت ئاراستە بکرێت کە ئەتەوێ مردنەکەت چۆن بێت بەبێ هیچ گومانێك وەڵامەکەت ئەوەیە کە دەڵێیت ئەمەوێ دەست بەجێ بێت. بەڵام ئەگەر پێیان ووتی ئەی مردنی کەسە نزیکەکانت چۆن بێت، ئەوکات ئەڵێیت لەسەر خۆبێت. ئەمەش خۆپەرستی ئیمە دەردەخات کە نامانەوێت بە ئازارەوە بمرین، بەڵام با خۆشەویستەکانمان هەر لەلامان بمێننەوە ئەگەر چی بە ئازارێکی درێژخایەنیشەوە ڕۆحیان لێبسەنرێتەوە.
کاتێك کەسێك دەمرێت تەنها خۆی نامرێت بەڵکو ئەو لە چوار جیهاندا دەمرێت کە بریتین لە لایەنی( جیهانی فیزیکی، کۆمەڵایەتی، کەسایەتی، ڕۆحانی). هەندێ جار مرۆڤ یەکێك یان چەندێك لەم جیهانانەی ئەمرێت ئەگەر کەسەکە هاتوو دووچاری تەنهایی یان جۆرە نەخۆشیەك بوو کە بووە هۆی دابڕانی لەو جیهانانە.
لەگەڵ ئەوەشدا کە مردن ١٠٠% ڕاستیە و هەمیشە نزیکمانەو زۆر بەکەمی پەیوەندی بە نەخۆشی و لەش ساغیەوە هەیە، کەچی کەمترین بابەتە لە کاتی کۆبوونەوەی هاوڕێیاندا، لە ماڵەوە لەگەڵ دایك و باوکدا، تەنانەت لە نەخۆشخانەکانیشدا باسی مردن نابێت بکرێت نەکا نەخۆشەکان گوییان لێبێت و بترسن. ئەبێت ئەوە ڕوونبێت لەلامان کە ئەگەرچی لەش ساغیش بین هەر ئەمرین.
وەك زۆرێك لە لێکۆڵینەوەکان باسی لێدەکەن ئەڵێن کە زۆر پیر هەیە ئەیەوێت باسی مردن بکات بەڵام ژنەکەی یان مناڵەکانی باز ئەدەن بەسەر ئەو باسەداو ئەیپەڕێنن. ئەوان بیر ناکەنەوە لە هەست و بۆچوونەکانی ئەو پیرە کە ڕەنگە بۆ ئەو زۆر گرنگ بێت. کەم قسەکردن لەسەر ئەو بابەتە گرنگەی ژیانە ترسەکە لەمردن زیاتر ئەکات، ئەگینا ئەوانەی کە ڕۆژانە کە لەخەو هەڵدەستن و سوپاسی خودا دەکەن کە ئەوان لەو مردنە کاتیە بەخەبەر بوونەتەوە بۆ ئەوان ترس لە مردن شێوەیەکی ترە.
ئایا بیرت لەوە کردوەتەوە کە خەولێکەوتن وەك دەرچوونی ڕۆحە لە لەش، بەڵام هەر کە بەخەبەر بوویتەوە ئەو ڕۆحە دێتەوە ناو لەشت. ئەتوانی ئەمە تاقی بکەیتەوە: ئەمجارەیان کە خۆتت بۆ خەوتن ئامادەکرد تەرکیزت بخەرە سەر ئەوەی کە کەی تۆ وا خەریکە ئیتر دوونیای بە ئاگای جێدەهێڵیت و بەرەو دوونیای کپ و تاریکی و ئارامی دەڕۆیت. پێویست ناکات لەخۆتی تێكبدەیت، تۆ تەنها ئاگاداربە هەتا بۆ ماوەیەك ژیان بەجێدێڵیت، وە کە جاویشت کردەوە بەهەمان شێوە ئاگابوونت ئاگاداربکەرەوە کە تۆ ئێستا ئەژیت و وجودت هەیە. پاشان بیر بکەرەوە لەو ماوەیەی کە خەوتبوویت، ئەو جیهانە بۆ تۆ چی بوو جگە لە مردنێکی کاتی. ئایا ئەمە بەلگەیەکی روون نیە بۆ ئەوەی کە ئیمە زیاتر خۆمان ڕابهێنین کە هەمیشە دەمرین و زیندوو دەبینەوە. ئینجا بزانە کە ئێمە ئەگەر ٨ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا بخەوین تەنها ١٦ کاتژمێری ئێمە لە ژیانداین ئەگەر چی ئێمە لەو بارەیەوە زیاتر قوڵ ببینەوە ئەزانین کە خەونی ڕۆژانەمان ( بیرکردنەوەکانمان) ڕۆژانە ١٢ کاتژمێری تر ئەبات کا ئەویش دیسانەوە لە نائاگایدایە، کەواتە ئیمە تەنها ٤ تا ٦ کاتژمێرمان لە ناو ئاگایدا بەسەر ئەبەین لە ڕۆژیکی تەواودا.
ئەوەی ماوە بیڵێم ئەوەیە کە ئەم مردن و ژیانەوەیە لە خۆیەوە نیە، ئەبێت هێزێك لەپشت ئەم گەردونەوە، ئەو هەموو شتانەوە هەبێت کە شایانی پەرستن و خۆشویستنە. چیان بەسەرهات ئەوانەی کە بەدەورمانەوە بوون، باو باپیرانمان، ئەوانەی پێشتر و پێشتر. ئێمە باسی هەزاران ساڵ لەمەو بەر ئەکەین، کوان ئەوان ئەگەر تەنها میژوویەك نەبن. ئەی ئێمەش وەك ئەوان ناژین کە ئەوان ژیان، ئەی وەك ئەوان تەواو نابین. باسکردنی مردن بەشێوە دروستیەکەی هێمنیەك بەدڵ ئەدات، پاکیەك دروست ئەکات، بڕوا بەهێز ئەکات، تێدەگەیت کە ژیان هەرچەندە درێژبێت هەر کورتە و تەنها مرۆڤە ڕۆح پاکەکان براوەی هەر دوو دونیان، دەتگەیەنێتە ئەو بروایەی کە مردن نیە بەلکو ژیانەوەیەکی ترە لە دونیایەکیتر وە بۆ ئەم مەبەستەس تۆ هەول ئەدەیت کە یارمەتی مرۆڤەکان بدەیت، تۆوی خۆشەویستی و بەیەکەوە ژیان بچینیت، تۆ دڵی خودا لەخۆت ناڕەنجێنیت و رەفتارەکانت جوان ئەکەیت، هەمیشە ستایش و سوپاسی خودا ئەکەیت، ناترسیت کە بمریت و زیندوببیتەوە لەلای دروست کەرەکەت. زۆر کەس سەبارەت بەمردن بیرو بۆچونی خۆیان هەیە و ئەیانەوێت ئەرێنی بۆ مردن بچن، بەڵام وەك دەرکەوتووە بڕوایەکی جێگیر لەو بۆچوونەیاندا نیە، هەر بۆیە دودڵ ئەژین و هەست ئەکەن خۆیان ئەخەڵەتێنن. ئەوانەش کە ڕاستیەکانیان بۆ دەرکەوتووە سەبارەت بە مردن هەوڵ ئەدەن ئەو کارانە بکەن کە خودا پێی خۆشە. ئاکامی ئاکار و رەفتار باشیش هێمنیەکی دەروونیە و تەنانەت وشەی مردن بۆ ئەوان هێمنیە، لەبەر ئەوەی ئەوان دڵنیان لەوەی بەرەو کوێ و بۆ لای کێ ئەڕۆن، جا زووبیت یان درەنگ، وە زۆربەی ئیمانداران تامەزرۆی دیداری یەزدانیان. خودا لەهەموو لایەکمان ببورێت.

كانونی دووه‌م 21, 2012

ته‌نها پێنج خوله‌ک له‌ هه‌فته‌یه‌کدا – ڕاهێنه‌ری ده‌روونی: عه‌بدوڵا تۆفیق – سوید

تەنها پێنج خولە‌ك لە هەفتەیەکدا
عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی
سوید

کات زوو ئەڕوات. زۆربەمان بەو دەستەواژەیە خۆمان ئەپەڕێنینەوە و ئەڵێین کاتی بەتاڵیشمان نیە هەتا فریای شتەکانی ژیان بکەوین. ئایا هەرگیز دانیشتویت لەگەڵ خۆتدا هەتا بزانیت کاتەکانی ژیانت چۆن دابەشکردووە؟ ڕەنگە هەموومان بزانین کە زۆر شت هەیە کە پێویستە ئەنجامی بدەین، بەڵام نایکەین. وە زۆر كاریش ئەنجام ئەدەین کە هیچ پێویست نین. پرسیارەکەم لێرەدایە: ئایا تۆ ئاگاداریت لە گرنگی ئەو شتانەی کە ئەنجامی ئەدەیت؟ زۆر جار کەباس لە تەندروستی، بەهێزبوونی دەروون، بەهێزبوونی پەیوەندیە کۆمەڵاتیەکان، تواناداری، خۆ ناسی و خوا ناسی ئەکەم لەگەڵ زۆرێك خەڵکدا ئەوەی کە گوێم لێ ئەبێت زۆربەی جار هەمان شتە کە ئەوان ئەیڵینەوە. ئەوان ئەڵێن کێ کاتی ئەوەی هەیە بەشوین ئەوشتانەدا بگەڕێ. لەگەڵ ئەوەشدا کەسێكیان نیە کە بڵێ ڕۆشنبیری تەندروستی و دەروونی، یان پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان یان خۆ ناسی و خودا ناسی گرنگ نین بۆ ئەوان. کەوا بوو قەیرانەکە لە کە کوێدایە، ئایا خودی کەسەکە خۆیەتی یان بەڕاستی ئەوان کاتەکان بەشیان ناکەن؟.
کۆمەڵگەی کوردی بەدەر لەوەی کە کۆمەڵگەیەکە کە شێوازی مۆدیلێکی کۆن پەیڕەو ئەکات، کەم لە تاکەکانیش تیایدا هەوڵ ئەدەن بیرێك لەوە بکەنەوە کە گۆڕانکاری لە شێوازی ژیانیاندا بکەن بەشێوەیەکی دروست. ژیان ناتوانێت ئێمە پڕۆگرام بکات کە بەو شێوەیە بگوزەرێنین، بەڵکو هەریەکەمان ئەتوانین خۆمان پرۆگرام بکەین کە بەو شێوەیە ژیان بگوزەرێنین. کەم لە ئێمە هەیە دوای لە لەخەو هەستانی بەدوای کارو کاسپی ڕۆژانەی یان خوێندن و هەرسەرقاڵبوونیەکیتردا لەماڵ نەیەتە دەرەوە. کەمیش لە ئێمەهەیە نەیەوێت دوای هاتنەوەی بۆ ماڵەوە نان نەخوات و پشو نەدات، پاشان چەند کاتژمێرێك سەیری تەلەفزیۆن کردن و دواتر میوانداری و قسەکردنی بەسود و بێ سود لەگەڵ یەکدا و ئەوەندە ئەزانین کاتی خەوتن هاتەوە. بێجگە لەمانەش زۆرمان کاتێکی زۆرمان بۆ جگەرە کێشان و خواردنەوە و گازینۆ و هەندێ شتی پرو پوچەوە خەریك ئەکەین. ئەم جۆرە کردەوانەیە کە ئێمەی وا لیکردووە نەك تەنها خۆمان لەبیر چووەتەوە بەڵکو پەیوەندییە گرنگەکانی خێزانی و بیرکردنەوە لە تەندرستی و دەروونێکی دروست و تەنانەت خوداشمان لەبیر ئەباتەوە.
بۆ ئەوەی بەخۆماندا بچینەوە هەموومان ئەتوانین کەمێك لەو چالاکیانەی ڕۆژانەمان کەمبکەینەوە هەتا کار لەگەڵ ئەو شتانەدا بکەین کە گرنگترن بۆ ئێستاو داهاتوومان. ئەوەی زۆر جێی سەرنجە ئەوەیە کە کاتێك نەخۆش ئەبین زۆرترین بیر لەوە ئەکەینەوە کە چی بکەین بۆ ئەوەی بەخێرای باشببین و ڕێنمایەکان وەرئەگرین و هەمە جۆرە دەرمان بەکار ئەهێنین. کاتێك کە پەیوەندیمان لەگەڵ کەسانی دەورووبەرماندا تێك ئەچێت زۆرترین وزە بەکار ئەهێنین بۆ ئەوەی پیشانی خەڵکی بدەین کە ئێمە هۆکار نەبووین لە درزبردنی ئەو پەیوەندیەدا و خەومان ناخۆش و دڵتەنگ ئەبین. کاتیك کە کەسێکی نزیکمان لێ دەمرێت ئەوکاتە زۆر ترسی خودا دامان ئەگرێت و دەمانەویت خودا لێمان خۆشببێت و دیسانەوە دەست بکەینەوە بە یادی خودا.
تەنها هەفتەی پێنج خولەك لەوانەیە سەرەتایەك بێت بۆ تۆی بەڕێز کە بتەوێت بەخۆتا بچیتەوە و گۆڕانکاری دەست پێبکەیت. ئەتوانی هەر لەسەرەتای هەفتەوە تۆ پلانێك دابنێیت بۆ ئەوەی کە ئەو چەند ڕۆژەی هەفتە تۆ چیت ئەنجام دابێت بۆ خۆت. بۆ نمونە سەر لەبەیانی ڕۆژانی شەممان هەوڵبدە کە کەمێك زووتر لە ڕۆژانی تر لەخەو هەستە، هەر لەسەر جێگاکەت قەڵەم و کاغەزت بەدەستەوە بێت. لەماوەی پێنج خولەکدا ئەو شتانە بنوسە کە دەبێت ڕۆژانە ئەنجامی بدەیت کە بەدەر لەو کارە ڕۆتینانەبیت کە کردووتن، بەڵکو ئەوانەن کە بە پەرۆشەوەی کە تاقیان بکەیتەوە یان فریای نەکەوتوویت. ئەمانە لە دوایدا ئەبنە کۆمەڵە ئامانجێكی کورت خایەن بۆت کە بەگەیشتنی هەر یەکێکیان تۆ هەست بە بەهێزی و وزەی نوێ و دڵخۆشی بکەیت. لەبیرت نەچێ کە ئامانجێك بێت بۆ باشترکردنی پەیوەندی خۆت بە خودی خۆتەوە، باشترکردنی پەیوەندیت بە خودای تاك و تەنها، یارمەتی هەژان، باشترکردنی پەیوەندی خێزانی، پاکی لەکارکردنتا، لە ڕەوشتا، بەهێزبوونی دەروونی و زۆر شتیتر کە ڕەنگە بەخۆتانەوە تایبەتتر بێت. پاشان ئەوەمان لەبیر نەچێت ئەوەی کە زۆرترین بیری لێدەکەینەوە ئەوە ئەکەین، هەر بۆیە با زۆرترین بیرکردنەوەت لەسەر ئەوشتانەبیت کە بەرەو رەوشت بەرزی و کاری باش ئەتبات. بۆ کۆتای هەر هەفتەیەکیش واتە ئێوارانی ڕۆژی هەینی پێویستە بەسەر هەفتەکەدا بچیتەوە هەتا بزانیت هەتا چەند توانیوتە ئەو بەرپرسیاریەتیە جێبەجێ بکەیت. ئەگەر توانیت ئەوا تۆ هەتا بێت کارەکانت بەرەو باشتر ئەڕوات و توانای کۆنتڕۆڵت هەیە بەسەر ڕۆتیناتەکان و ژیانی خۆتدا. ئەگەر پێت نەکرا کە تەنها پێنج خولەك لە هەفتەیەکی ١٦٨ کاتژمێریدا تەرخان بکەیت بۆ ژیانێکی باشتر، ئەوا تۆ پێویستت بەوە هەیە کە زۆرتر خۆت ڕابهێنیت کە کۆنتڕۆڵی تەمەڵیت بکەیت. ژیان ئاوا خۆڕایی نیە!
سەرکەوتوبن
http://www.warzshidaruni.com

كانونی دووه‌م 7, 2012

بۆ خۆناسین و خودا ناسین پێویستت به‌ته‌نهایی هه‌یه‌ – ڕاهێنه‌ری ده‌روونی: عه‌بدوڵا تۆفیق – سوید

بۆ خۆناسین و خودا ناسین پێویستت بە تەنهایی هەیە
عەبدوڵا تۆفیق
ڕاهێنەری دەروونی
سوید

ئەو دەنگە دەنگ و هەرایەی کە ڕۆژانە بەدەوربەرمانەوە هەیە هەتا کاتی خەوتن ماوەمان نادات بۆ کەمێك پشو یان دووبارە هێنانەوەی وزەی نوێ. هەر لە مێژەوە میللەتی کورد وا ڕاهاتووە کە ئەو هۆسەیە بە دەوروبەریەوە هەبێت، ئەگینا هەر کە لە ماڵەکەیاندا هەستیان بە تەنهای کرد ئەوا خێرا بۆچوونێکی بۆ دروست ئەبێت کە خەڵك و دۆستانیان ئەوانیان لەبیر کردووە. لەباتی ئەوەی خێرا سودێك لەو ساتە تەنهاییەیان وەربگرن و بەخۆیاندا بچنەوە کە ئایا ئەوان هیچیان لەبیر کردووە. ئایا ئەوان خۆیان، مناڵیان یان خوایان لەبیر ماوە؟
مرۆڤ هەتا لەو قەرەباڵغیە نەیەتە دەرەوە هەستەکانی بەباشی ناکرێنەوە، بیرکردنەوەکانی بەئاگای ناکەنەوە و ناتوانێت بەباشی لەگەڵ خودی خۆیدا دابنیشیت وەڵامی خۆی بداتەوە. مرۆڤ هەتا لەتەنهایدا نەژی درك نە بە خۆی و نە بە سروشت و نە بە دەوروبەرو نە بە دروستکەرەکەشی ناکات. ئەوە لە تەنهایدایە تۆ بە بێ بڕین و هیچ ڕیگرێك هیچ سنوردارکردنێك خۆت و خودای زەوی و ئاسمانەکان ئەدۆزیتەوە.
ئێمە دەروروبەر و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان زۆرترین وزەمان لێ ئەبات، هەتا ئەوەندە هیلاکمان ئەکات کە ئەو ساتانەی کە بەبێ ئەوانین لەبەر کەمی حەوسەڵەمان لە هەموو شت تووڕەین و نامانەوێ ئەو پشووە کەمەمان لێ تێك بچێت. بەمەش دیسانەوە ئێمە کاتمان لەخۆمان بڕیووە بۆ گەشەکردنی تەندرستی و دەروونی. ئەوەی کە لەو کۆمەڵگە قەرەباڵغەدا کاتی بۆ تەرخان نەکرێت خۆ ناسین و خودا ناسینە. ڕاستە خۆناسین ڕۆشنبیریەکی زیاتری ئەوێت لەبەر ئەوەی دەبێت کات بدەیت بەخۆت و بزانی داخوازیەکانت چۆنن، بیرکردنەوەکانت سەبارەت بەخۆت و ژیان چۆنن، ڕەفتارەکانت ج کاریگەریەکی ئەرێنی یان نەرێنیان هەیە لەسەر خۆت و دەوروبەرت، چەند هەستەکانت و بیرکردنەوەکانت زاڵن بەسەرتا، و هتد. وە ڕاستیشە سەبارەت بە خوا ناسی ئەوەتا خەڵك کاتەکانی خۆیان ئەدەن بە نوێژکردن. بەڵام ئایا ئەو نوێژکردنە خێرایە دروستە کە لەکاتی نوێژدا خەیاڵەکانت لە شوێنێکیترن و تۆ تەنها لەشت لەوێدا بێت و ڕۆحت کە گرنگترینیانە لەکاتێکدا لەگەڵ خودادا قسە ئەکەیت، بەڵام ئەو لە شوێنێکیتربێت.
لەتەنهایدا تۆ تەرکیزت باشتر ئەبێت کە بە وورد تر هەست بە بوونی خۆت و خودا بکەیت، هەست بە ڕۆحی خۆت بکەیت کە تۆ ڕۆحێکیت و بەبەر لاشەتدا کراوە و تەواوکەری تۆن. ڕەنگە تۆ بتوانیت هەست بەمە بکەیت کاتیك کە تۆ بڕیارێك بدەیت کە تۆ ( لاشە و ڕۆحت) بۆ ماوەیەك بەتەنها بێت لە شوێنێکی دیاریکراودا. شوێنەکە با ئەوەبێت کە ئێمە لە ڕاهێنانە دەروونیەکاندا بە ژوورەکەی دەروون ناوی ئەبەین، یان ژورێك بێت لە ماڵەوەی خۆتاندا. یان لە دەشتێكدا دابنیشیت یان پیاسەبکەی، یان لەسەر چیایەکەوە سەیری ئەو هێزەبکەیت کە ئەم زەوی و ئاسمان و ئەستێرانەی ڕاگرتووە بە شێوەیەکی ماتماتیکی و جوانترین شێوە. تۆ هەر لە تەنهایدایە ئەتوانی خۆت پاك بکەیتەوە سەبارەت بەو کاتانەی کە تۆ زوڵمت لە خودی خۆت یان کەسانیکیتر کردووە. هەر لەتەنهایدایە تۆ دەتوانی باشتر بیربکەیتەوە و بنوسی، هەر لەتەنهایدایە تۆ داهێنان ئەکەیت، هەر لە تەنهایدایە تۆ ئەتوانی بڕیار بدەیت و ئامانجەکانت دابنێیت، هەر لەتەنهایدایە تۆ دەتوانی باشتر بگریت و خۆت ڕاوەشێنیت هەتا دەبیتەوە بە مرۆڤێکی نوێ، هەر لەتەنهایدایە تۆ باشتر ئەتوانی بەراورد بکەیت لەنێوان بیرکردنەوەیەکی باش و خراپدا، جیاوازی بکەیت لەنێوان ئەو هەستانەی کە بەهۆی ڕەفتاریکی باشەوە یان خراپەوە بۆت هاتوون، هتد.
هەموومان ئەتوانین ڕۆژانە کاتێك تەرخان بکەین بۆ بە تەنهای بوونمان هەتا خۆمان و خودا لەبیر نەکەین و بەباشترین شێوەیش یادیان بکەین، لەبەر ئەوەی ژیان مانایەکی ترت ئەداتی کاتێك هەموو شت بۆ خودا بکەیت. تۆش هیچ دوودڵ مەبە و هەنگاوبنێ بەرەو کردنەوەی دەرگایەك بۆ ئەوەی تەنها بیت. کە دەرگای تەنهایت کردەوە تۆ (لەش و ڕۆحت) لەگەڵ خوا دا پیکەوە ئەبن کە دەروازەیەك ئەبیت بۆ ڕۆشناییەکی هەتا هەتایی.
سەرکەوتوبن
wwww.warzshidaruni.com

كانونی یه‌كه‌م 17, 2011

ئایا ژیان خۆی ناڕه‌حه‌ته‌ یان بیرکردنه‌وه‌کانمان ناڕه‌حه‌تی ئه‌بینن؟ – ڕاهێنه‌ری ده‌روونی: عه‌بدوڵا تۆفیق – سوید

ئایا ژیان خۆی ناڕەحەتە یان بیرکردنەوەکانمان ناڕەحەتی ئەبینن؟
عەبدوڵا تۆفیق
ڕاهێنەری دەروونی
سوید

لەوانەیە ئەم پرسیارە بیرکردنەوەیەکی زیاتری پێویست بێت لەوەی کە ئێمە تەنها هەڵبژاردنێکی سادەی بۆ بکەین. هەڵبژاردنی هەریەکێکیان بۆ هەر تاکێکمان پەیوەندی بەزۆر فاکتەرەوە هەیە، بۆ نمونە: ئایا ئێمە دەروون دروستین؟، کەسێکی ئەرێنین؟، بۆ ئەم دونیا دەژین یان ئەوی دوای مردن؟، زۆر بیر لە ژیان و مردن ئەکەینەوە؟، دووچاری زۆر ناڕەحەتی و نەهامەتی بووین؟، لە دەوورووبەرماندا چی باسە؟، ئایا بە ئاگاین لە خودی خۆمان و ژیان؟، ئایا کەسێکین کە ڕووداوەکان ئاسان کار ئەکەنە سەر ژیانمان؟ ئەمانەو زۆر بیرو سەرنجی تری ئێمە وا دەکات کە هەڵبژاردنەکە ئاسان نەبێت.
زۆرجار مرۆڤ هەرچەندە خۆی بە بەهێزیش بزانێت، لەبەردەم هەندێ شکستی ڕۆژانەدا بێزارو دڵگران ئەبێت و خۆی دەداتە بەردەست واقیع. لەم کاتانەشدا ئەوەی بەرۆکی کەسەکە بەرنادات هەستەکانیەتی کە لەگەڵ بیرکردنەوە تیکەڵ و ئالۆزەکانیدا یەك بەدوای یەك دێن و دەڕۆن. هەندێکمان هەر زوو ژیان تاوانبار ئەکەین و لاواز ئەبین، وە هەندێکیترمان پاش ماوەیەك دەتوانێت کۆنتڕۆڵی بیرکردنەوەکانی بکات و ژیانەکەی بۆ ئاسای ببێتەوە. ئەو ژیانەی کە زۆر پیرە ئێمە تەنها ئەوەندە هەستی پێدەکەین کە بەئاگاین لێی و هەست دەکەین ئێمەش بەشێکین لە ژیان، بەبێ بوونمان ژیانیش بوونی نیە بۆمان، بەڵام هەر کە بێ ئاگابووین لێی و خۆمان لەبیرچوویەوە ئەوکاتە هەست بە ژیانیش ناکەیت. ئێمە ڕەنگە بەهۆی بەئاگا بوونمانەوە لە بیرکردنەوەکانمان بتوانین باشتر هەست بکەین کە ئەژین و ئەتوانین هەستەکانی ( بینین، بیستن، بەریەککەوتن، بۆنکردن، تامکردن، خۆشەویستی، سەربەستی و هتد) هەست پێبکەین.
لەبەر ئەوەی لە ژیانی ڕۆژانەماندا هەستەکانمان بەردەوام سەرقاڵمان ئەکات، بەداخەوە زۆرجار ئێمە خۆشمان لەبیر ئەکەین لەناو بیرکردنەوەکانی خۆشماندا، کە بەمەش ئەوە لەدەست ئەدەین کە ئێستایەو ڕاستیەو ڕوو ئەدات لەبەردەمماندا. بیرکردنەوەکانمان زۆربەی جار سەبارەت بەو ڕووداوانەن کە ڕابردوون یان دەیخەینە بەرچاومان کەبە بۆچوونی خۆمان لە داهاتوودا ڕودەدەن. ئەزانی ئەمە چەند وزەمان لێ ئەبات!.
کەوابوو ئێمە هەمیشە لە نێوان ڕەخنەیەکی بەردەوامدا بە تاوانبارکردنی ژیان یان خودی خۆمان بە بیرکردنەوەکانمان ئەم سەرو ئەو سەر ئەکەین. ئەو کاتانەی کە بەسەرهاتەکان خۆشن و لەوێدا هەست ئەکەین شادومانین تەنانەت ژیان و بوونی خۆشمان لە بیر ئەکەین. وە بە پێچەوانەشەوە ئەو کاتانەی ناڕەحەتیەکمان بۆ یەتە پێشەوە دیسانەوە لەناو بیرکرنەوە لە خۆمان و ژیاندا دەخنکێین.
ئاسان نیە کە مرۆڤ بیت، مرۆڤ بەواتاکەی خۆی. ئەویش لەبەر ئەوەی کە خوا ئاگایی و نائاگای بەخشیووە بە مرۆڤ بۆ ئەوەی کە هاوسەنگی لە نێوانیاندا بکات و بتوانێت لەکاتە پێویستەکاندا بە ئاگابێت و بۆ زۆر پێویستی تریش نائاگایی خۆی بخاتە گەڕ. ئەگەر چی هەندێ پێیان وایە کە ئەو دوو جۆرە لەئاگایی و نائاگایی خۆیان ئۆتۆماتیکی کار ئەکەن پێکەوە، بەڵام بۆ ئەوەی دروست کار بکەن پێویستیان بە کارتێکردن و کۆنترۆڵکردن هەیە. کە ژیان پڕیەتی لە یاسا و ڕێسا و ئاین و داب و نەریت و کولتور و ڕۆتینات وە خوێندن و زانست، ئیتر چۆن ئەبێ مرۆڤ بوون ئاسان بێت و هەست بە سەربەستی بکات. نەزانین لە بەکارهێنانی ئەو دوو ئاگاییەدا زۆرجار کۆسپ دروست ئەکات بۆ مرۆڤەکان وەك تێکچونی باری دەروونی، تەمەڵی، دواکەوتنی مێشك بەگشتی، دوودڵی، سەرهەڵدانی نەخۆشی جەستەی و کێشەی کۆمەڵایەتی و بەریەککەوتن ئاستەمتر ئەکات.
هەروەك هەر کارو خۆڕاهێنانێك لەسەر هەر شتێکی نوێ پێویستی بە کات هەیە هەتا پڕۆگرام ببێت لە زهن و مێشکماندا، هەر بەو شێوەیەش دەتوانین ڕاهێنان بکەین بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی دروست بکەین لەنێوان ژیان و بیرکردنەوەکانماندا بۆئەوەی ژیان بکەین و خۆشمان بە بیرکردنەوەی ئەرێنی ڕابهێنین.
بۆ ئەم مەبەستەش ئەتوانم بڵێم ڕاهێنانی دەروونی یەکێکە لەو ڕێگایانەی کە ئێمە دەبات بە ئاڕاستەیەکی ئەرێنیدا و ڕاستمان ئەکاتەوە. کردنی ڕاهێنانی دەروونی کۆمەڵێ کاریگەری ئەرێنی ئەبێت تەنانەت لەسەر جەستەشمان کە دیارترینیان پەستانی خوێن و شەکرە دێنێتە خوارەوە، سترێس کەمتر ئەکاتەوە و بیرکردنەوەی ئەرێنی زیاتر ئەکات، ڕێگای ڕاست بۆ ژیانی خۆت ئەدۆزیتەوە، پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانت باشتر ئەبێت و ڕیگایەکە بۆ باشتر ناسینی خۆت و مرۆڤەکان و خودای تاك و تەنها و باشتر لەژیان تێگەیشتن.
سەرکەوتوبن
http://www.warzshidaruni.com

تشرینی دووه‌م 28, 2011

بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌رێنی چیه‌؟ – ڕاهێنه‌ری ده‌روونی: عه‌بدوڵا تۆفیق – سوید

بیرکردنەوەی ئەرێنی چیە؟
عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی

لەبەر ئەوەی مەبەست لە ڕاهێنانی دەروونی بردنی کەسێکە بە ئاراستەیەکی ئەرێنیدا پێویستیش ئەکات لەکاتی ئەنجامدانیدا بیرو وێنە خەیال و هەستەکانمان گەشبین و ئەرێنی بکەین. وشەی بیرکردنەوەی ئەرێنی زۆر کات بەهەڵە بەکاردێت و بووەتە دەربڕینێك کە زۆرکەس هەستێکی نەرێنیان هەبێ بەرامبەری. تەنانەت وای لێهاتووە کە بەشێوەیەك بەکاردەهێنرێ کەوا دەزانرێت ئێمە وایان پیشان ئەدەین کە درۆ ئەکەین بەرامبەر بە ئەوان و خودی خۆمان. ئەوان وا دەزانن کە ئیتر ئەبێ ئێمە هەمیشە و بەردەوام وەك تیشکی ڕۆژ لەسەرەوە بین و خۆشحاڵ و ڕووخۆشبین ئەمە تەنها لەبەر ئەوەی ئێمە جەخت لە بیرکردنەوەی ئەرێنی ئەکەینەوە.
ئەگەر بکۆڵینەوە لە ناوەڕۆکی وشەکە بۆمان ئاسانتر ئەبێت کە تێبگەین. وشەی (پۆسیتیڤ) کە وشەیەکی ئینگلیزی بەمانی(دڵنیای) ئەگرێتەوە کە ئێمە بە کوردی لەدەمی دەرووناس و زمانەوانەکانمانەوە بە (ئەرێنی) ناوی دەبەین، مەبەستەکەش هەر ئەوەیە لە بیرکردنەوەی ئەرێنی. تۆ بیر ئەکەیتەوەو تەواوی چەقی قورسایت ئەخەیتە سەر ئەوشتەی کە تۆ خوازیاریتی و ئەتەوێ ڕووبدات. تۆ لەو کاتەدا بیر ناکەیتەوە کە خراپترین شت ڕووبدات. بیرکردنەوەی ئەرێنی تەنها ئەوەنیە کە تۆ وا بزانیت تەنها ئەگەر تۆ وا بیر بکەیتەوە ئیتر ئەوە ڕوو ئەدات. بەڵکو ئەبێت بیر لەو شتە باشانە بکەیتەوە کە تۆ بە تامەزرۆوە بتەوێ ڕووبدات.
بیرکردنەوەی ئەرێنی ئەوەیە کە تۆ خۆت بۆ ئەو شتە باشە ئامادەبکەیت کە ڕووبدات، وە بیرکردنەوەی خراپ ئەوەیە کە تۆ بیر بکەیتەوە لەو شتانەی کە تۆ نەتەوێ ڕووبدات. ئەمە پرسیارێك نیە کە تۆ پیچەوانەی واقیع ببیتەوە، دان بەوەشدا بنێ کە ژیان کێشە و سنوری خۆی تیایە بەڵام بڕۆ بەرەو چارەسەرەکان، ئەگەرەکانیتر ببینە.
هەمیشە مرۆڤ توانای هەبوو کە ڕاهێنان بە باشتر کردنی تواناکانی خۆی بکات، بۆیە خۆشبەختانە ئێمە ئەتوانین ڕاهێنان بکەین بۆ ئەوەی بیرکردنەوەکانمان باشتر بکەین، هەروەك چۆن بمانەوێ ڕاهینان بۆ ئامادەکردنی خۆمان بکەین لە هەر بوارێکیتری ژیاندا. ئێمە ڕۆژانە هەزاران بیرکردنەوەمان هەیە، خۆ ئەگەر هەندێ لەو بیرکردنەوانەمان نەرێنی و خراپ بن بێگومان کار ئەکاتە سەر چۆنیەتی تەندروستی و گەشەکردنمان. ئێمە خۆمان بیرکردنەوەکانمان هەڵدەبژێرین و وە هەمیشە خۆمان ئەتوانین بڕیار بدەین کە چۆن لە حاڵەتێك بنواڕین و لێکدانەوەمان بۆی هەبێ جا بە ئەرێنی بێ یان بە نەرێنی. ئێمە تەنها خۆمانین واقیع بۆ خۆمان دروست ئەکەین لە ڕێگەی ئەو بۆچون و شیکردنەوانەمان کە دەیکەین سەبارەت بەو ڕووداوانەی دەوروبەرمان.
ئەوەی کە مرۆڤێکی ئەرێنی پێ ئەناسرێتەوە ئەوەیە کە ئەو هەمیشە بەشوێن چارەسەرەکاندا ئەگەڕێت و هەوڵ ئەدات کە کێشەو ڕێگر وەك ئەگەرێك و کێبڕکێیەك لەگەڵ خۆیدا سەیر ئەکات. ئەگەر بتەوێ کەسێکی ئەرێنی بیت با چەقی قورسایت/ سەرنجت لەسەر چارەسەری نوێ و ئەگەرەکان بێت، نەك کێشە کۆنەکان. یاسایەکی باش بۆ کەسێکی ئەرێنی ئەوەیە کە هەمیشە کەمترین کات لە ڕۆژێکدا دادەنیت بۆ سەرقاڵبوونی بە کیشەکانەوە و زۆرترین کاتی بۆ چارەسەر دۆزینەوە تەرخان ئەکات.
کە بۆچوونی خۆت بگۆڕی بێگومان کاتێکی زۆرتری ئەوێت لەوەی وابزانی کە بەشەو ڕۆژێك ئەگۆڕێیت، ئەمەش هەروەك ئەوە وایە کە تۆ بتەوێ ڕاهێنانی ماسولکە بکەیت کە دەست بەجێ هەست بەگۆڕانکاری لە ماسولکەکانتا ناکەیت. بەڵام کاتێك کە گۆڕانکاریت کرد لەسەر سەرنجەکانت، بیرکردنەوەکانت و هەسەتەکانت تەنها بۆ کاتێکی کەمیش بێت، تۆ لەماوەیەکی دیاری کراودا لە ئایندەدا هەست بەگۆڕانکاریەکان ئەکەیت.
سەرکەوتوبن

تشرینی یه‌كه‌م 11, 2011

ڕاهێنانێک بۆ به‌هێزکردنی ته‌رکیز – چۆپی مه‌جید – خوێندکاری خوێندنی باڵای سکاندینافیا بۆ ڕاهێنانه‌ ده‌روونییه‌کان – سوید

ڕاهێنانێك بۆ بەهێزکردنی تەرکیز
چۆپی مەجید
خوێندکاری خوێندنی باڵای سکاندینافیا بۆ ڕاهێنانە دەروونیەکان

تەرکیزکردن و خۆ خاوکردنەوە دوو بناغەی گرنگن بۆ کردنی ڕاهێنانێکی دەروونی دروست و کاریگەر. تەرکیزکردن (سەرنجدان ) واتە دابڕان لە دەوروبەر و تەنها سەرنج خستنە سەر شتێك یان باسێك. بۆیە گرنگە کەتەرکیزمان لە سەر شتێکی ڕاست بێت لە کاتێکی ڕاست دا . هەندێ جار مرۆڤ دوچاری ئەوە دەبێت کاتێك کە لەگەڵ کەسێکی تردا گفتووگۆ دەکات بەجەستە لای کەسەکەیە بەڵام تەرکیزی لەسەر باسەکە نیەو خەیاڵی لە شوێنێکی ترە. بەمەش بارێکی زۆر ناخۆش رووبەڕووی دەبێتەوە بەوەی کە لەوانەیە پرسیارێکی ئاڕاستە بکرێت بەڵام نەتوانیت وەڵام بداتەوە چونکە ئاگای لە کردنی پرسیارەکە نەبووە یان خەیاڵی لەوێ نەبووە. ئەمەش بۆ کەسی بەرامبەر ئەوە پیشاندەدات کە ئەو هیچ ئارەزوویەکی نەبووە بۆ گوێگرتن بۆ باسەکەی بۆیە هەست بە بێ ڕێزی دەکات کە بەرامبەری دەکرێت. یان زۆرجار خوێندکارەکانمان بێزاری دەردەبرن بەرامبەر هەندێ وانەو دەلێن قورسەو هیچ تێناگەین کاتێ مامۆستا بۆمان ڕوون دەکاتەوە، بەڵام لەڕاستیدا ئەمە ئەگەرێتەوە سەر کەمی تەرکیزکردن بۆ تێگەشتن لەکاتی ڕوونکردنەوەی وانەکەدا. ئەمەش لە دەسەڵاتی خوێندکارەکەدا نیە کە بیرکردنەوەکانی زاڵ دەبن بەسەریداو نا‌هێڵێت تەرکیزی تەواوی هەبێت لەسەر وانەکەو لە ( ئێستا ) دادەبڕێت.
بۆئەوەی کە لەئێستادا بژیت پێوستە بە توانا بیت لە تەرکیز کردندا و بتوانی هەموو هەستەکانت لەو کاتەدا بەکاربهێنیت. بۆ ئەم مەبەستەش کردنی ڕاهێنانی بەهێزکردنی تەرکیز بەهۆی تەکنیکێکی ڕاهێنانی دەروونیەوە ئەتوانیت کۆنترۆڵت هەبێت بەسەر خۆتداو تەرکیزت باشتر بێت.
یەکێك لە تەکنیکە کاریگەرەکانی ئەم ڕاهێنانە بەم شێوەیە دەبێت:
لە شوێنێکی ئارام و بێ دەنگ مۆمێك داگیرسێنە و لە دووری مەترێك یان زیاتر لە مۆمەکەوە دانیشە، هەستەکانت بکەرەوە و بۆ ماوەی پێنج خولەك سەیری مۆمەکە بکە. هەموو نیگاو سەرنجەکانت بخەرە سەر مۆمەکەو هەست بە گەرمی مۆمەکەو جوانی ڕەنگی ئاگری مۆمەکە بکە، با هەموو بیرکردنەوەکانت لەسەر مۆمەکە بێت و مەهێڵە هیچ بیرکردنەوەیەك هەستەکانت بەرێت. بێگومان لەسەرەتای کردنی ئەم ڕاهێنانە بیرکردنەوەت بۆ دێت بەڵام هیچ بێزار مەبەو کۆڵ مەدە ، دەستبەجێ ئەو بیرکردنەوە لاوەکیانە ببڕەو تەرکیز بخەرەوە سەر مۆمەکە. بەم شێوەیە تۆ خۆت فێر ئەکەیت کە کۆنتڕڵت هەبێت بەسەر خۆتداو ئاسانتر ئەتوانیت زاڵ بیت بەسەر ئەو بیرکردنەوانەدا کە لەویستی خۆتدا نیەو باشتر تەرکیز بخەیتە سەر ئەو شتەی کە خۆت مەبەستتە.
هەفتەی یەکەم ڕۆژانە لە کاتێکی دیاری کراودا بۆ ماوەی پێنج خولەك ئەم ڕاهێنانە بکە. هەفتەی دووەم ماوەی ڕاهێنانەکە ڕۆژانە چەند خولەکێ زیاد دەکەیت تا ماوەکەی دەگاتە بیست خولەك.
ئەتوانیت بۆ ماوەی دوو هەفتە یان زیاتر ئەم ڕاهێنانە بکەیت خۆت بڕیار بدە چەندت پێویستە و کەی هەست دەکەیت توانای تەرکیزکردنت بەهێزتر بووە.
مەبەست لەم تەکنیکە لە ڕاهێنانە دەروونیەکاندا تەنها ئەوە نیە کە تۆ هەمیشە پیویستت بە مۆمێك هەبێت بۆ سەرنجدان، بەڵکو تۆ ئەتوانیت ئەم تەکنیکە بگونجێنیت لە زۆربەی بارەکانی ژیاندا کە تۆ لەوێدا زیاترین تەرکیزت پیویستە بۆ نمونە لە کاتی ( خویندنەوەدا، گویگرتن لەکەسێك، سەیرکردنی فیلمێك، نوێژکردن، مێدیتاشون…هتد).
دەروون بەهێز و ئاسودەبن

ئه‌یلول 23, 2011

شوێن هه‌سته‌کانت ده‌که‌ویت یان پرسیار ده‌که‌یت؟ – ڕاهێنه‌ری ده‌روونی: عه‌بدوڵا تۆفیق – سوید

شوێن هەستەکانت دەکەویت یان پرسیار دەکەیت؟
عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهینەری دەروونی

ئەوە زۆر سروشتیە کەوا کاتە ئاساییەکان کە لەوێدا هاوڕێکەت یان دراوسێ یان یەکێ لە ئەندامەکانی ماڵەوەتان مەزاجی باشەو بەدەم خەندەوە قسەت لەگەڵ ئەکات و هەسەتەکان لەوێدا تەنها ئەرێنین. بەڵام ئەوەش ڕوو ئەدات کە بەیانیەك لەسەر کارەکەت یان لە شەقامێکدا هاوڕێیەکت ئەبینی و تۆ بە هەمان شێوە سروشتیەکەی جارانەوە سڵاوی لێدەکەیت، کەچی سڵاوەکەی ئەو ساردیەکی تیا بەدی ئەکرێت. هەر لەو کاتەدا مێشکمان خێرا دەکەویتە خۆکۆکردنەوەو هەمەجۆرە بیرو بۆچوون و هەستی جۆراو جۆر لەلامان دروست ئەکات، کە هیچیان واقیعی نین. بەڵام مێشك لەهەوڵدا ئەبێت بۆ خەلقکردنی واقیعێك کە لە ڕابردوودا ڕەنگدانەوەی هەبووبێ لە ئێمەدا . لەهەمووی سەیرتر ئەوەیە کە ئێمە زۆربەمان هەستەکانمان نەرێنی ئەبن وەك ( ئەبێ چیم کردبێ بەرامبەری، بۆ وا گۆراوە، نایەوێ ئیتر هاورێیەتیم بکات، ئارەزووی خۆیەتی منیش ئیتر سەلامی لێناکەم ..هتد).
ئەی تۆ لەم بارەدا چی ئەکەیت؟
سەرچاوەی ئەم بابەتەم ئەگەرێنمەوە بۆ ماوەیەك لەمەوپێش کە یەکێ لە هاوڕێیانی سەرکارەکەم کە دەمێك بوو نەمبینی بوو، کاتێك کە بینیم من هەروەك جاران بەگەرمی هەواڵم پرسی. هاوڕێکەم زۆر ساردبوو لە وەڵامدانەوەیدا هەر وەك ئەوەی شتێکم لێبشارێتەوە. من ئیتر لەبەر سەرقاڵیم زۆر قسەم لەگەڵ نەکرد بەڵام زۆر کەوتمە بیرکردنەوە کە بۆچی وا ساردبوو. بیرێکم بۆ هات کە لەباتی ئەو هەموو بیرکردنەوەیە باشترە بڕۆم بەشێوەیەکی باش پرسیاری لێبکەم هەتا بزانم هەموو شت باشە. ئەوەبوو ئەو زۆر بەبێ هەوەسیەوە باسی ئەوەی بۆکردم کە نادادپەروەریەکیان لەگەڵدا کردووە و زۆر پێیەوە ئەتلیتەوە. لە قسەکانیشیدا دەرکەوت کە پێی خۆشە من بتوانم هەندێ لەکاتی خۆمی بدەمێ و هاوکاری بکەم. ئەوەبوو پاش ماوەیەك لە هاوکاریەکی زۆر کەمم هاوڕیکەم وەك جاران گەرموو گوڕ بوویەوە.
ئەم بەسەرهاتە فێری کردم کە هەستەکانمان زۆرجار فریوومان دەدات و لەوانەیە ببێتە تێکدانی پەیوەندیەکانمان بە هاوڕێ و خۆسەویستەکانمانەوە، بۆیە باشترین شت ئەوەیە زۆر چاوەڕێ نەکەیت و یاری بە مێشکی خۆت نەکەیت بۆ دۆزینەوەی هۆکارێك کە ئاستەمە واقیعی بێت. بۆیە ئەگەر ماوەیەکی باشت بۆ ڕەخسا پێی بڵێ کە تۆ ئەوت بەلاوە مەبەستە. پرسیار بکە.
سەرکەوتوبن
http://www.warzshidaruni.com

ئه‌یلول 20, 2011

ڕۆژوو هێزێکی ده‌روونی له‌پشته‌وه‌یه‌

ڕۆژوو هێزێکی ده‌روونی له‌پشته‌وه‌یه‌
عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهینەری دەروونی- سوید
١٠/٨/٢٠١١

من کە چەند ساڵێکە چوومەتە ناو ژیانی وەرزشە دەروونیەکان و ڕاهێنانە دەروونیە جۆراو جۆرەکان ئەنجام ئەدەم، هەر لە سەرەتاوە زانیوومە کە لەو ڕاهینانەدا بەشێکی زۆر گرنگ هەیە کە ئەویش پڕۆگرامکردن/ خەزنکردنی ئەو زانیاریانەن کە مرۆڤ لەکاتی ڕاهێنانەکەدا بەخۆی ئەڵێت. مرۆڤ کۆدی هەموو ئەو شتانە دەکات لە مێشکیدا کە دەیانبینێت و دەیان بیستێت وە توانای وەرگرتنی میلیۆنەها زانیاری هەیە لە ساتێکی زۆر کەمدا، بەڵام تەکنیك و فێربوونی دەوێت بۆ ئەوەی کە وەرتگرتووە بەکاری بهێنی یان بەبیرت بێتەوە.
ئەوەی سەرنجی منی ڕاکێشا گرنگی پڕۆگرامکردنی ئەو دەستەواژانەن کە ئێمە بەخۆمانی ئەڵێین، کە لەوانەیە گەورەترین سەرچاوەبن بۆ ئەوەی کە ئێمە بتوانین سودی لێوەربگرین بۆ بوار و بارە جیاجیاکانی ژیان. ئێمە ئەبێ دەمێك بێت لەوە تێپەڕیبین و درکمان بەوە کردبێ کە ئەو دەستەواژەی کە بەخۆمانی دەڵێین ئیتر لەشمان خۆی ئامادە دەکات و بە پێی گرنگی و ڕاستەقینەی ئەوەی بەخۆمانی ئەڵێین ئەوە ڕووئەدات کە داخوازیمان لەسەری بووە.
ئێمە هەر لەسەرەتای ژیانمانەوە وا خۆمان ڕاهێناوە یان وایان ڕاهێناوین (پڕۆگرامکراوین) کە بەیانیان لە خەو هەڵساین دەبێت نانی بەیانی بخۆین و نیوەرۆ و ئێوارە لە کاتە دیاریکراوەکەی خۆی ئەگەر بێت و کەمێك بترازێ و دوابکەوێ ئیتر ئێمە زۆر هەست بە هیلاکی و برسیەتی بکەین. ئەوەی لەم باسەمدا مەبەستمە پڕۆگرامکردنە کە وجودێکی ڕاستەقینەو بەرچاوی هەیە، کە دەکرێت دەستکاری بکرێت و زۆر لە مرۆڤەکانی جیهان بەهەر هۆکارێکەوە بێت ئەوان ئەو ڕۆتین و پرۆگرامکردنانەیان گۆڕیوە بەو شێوەی کە بۆ ئەوان لەبارتر بووە.
چۆن ئەوە ڕوو ئەدات کە مانگی ڕەمەزان دێت یان کەسانیتر لە ئاینە جیا جیاکانی تردا کە ئەیانەوێ چەند ڕۆژێك یان مانگێك یان زیاتر بەڕۆژوو بن ئەو پڕۆگرامە دەگۆڕن و سەرکەوتوانە نیەتەکەی خۆیان بەئەنجام ئەگەیەنن. بۆ ڕاستی ئەم باسەشم حەزدەکەم تیشك بخەمە سەر ئەوەش کە ڕاهێنانکردن کاتی دەوێت و هەتا ئامانجەکەمان پڕۆگرام ئەبێت کاتێك ئەبات هەروەك هەر شتێکیتر. کەسێك کە بە نیازە سبەینێ بەڕۆژووبێت شەوەکەی بە قەناعەتەوە بە خۆی دەڵێت کە ئەو سبەینێ نە نان و نە ئاو ناخوات هەتا کاتژمێر ( )ی ئێوارە. ئەمەش دیسانەوە ئامانجدانانەو هەموو ئامانجێکیش ئەبێت بەو شێوە ڕاستەقینەییە پڕۆگرام ببێت و پاشان لە تۆدا ئاوێتە ببێت هەتا گەیشتنت بە ئامانجەکە. کەسی ڕۆژووان لەوانەیە لە ڕۆژانی سەرەتای ڕۆژووگرتنیدا هەروەك ڕۆژانی ئاسایتر کە پڕۆگرامکراوە ئەو بەیانیانیان و نیوەڕوان و ئیواران لە کاتی خۆیدا نانبخوات، لەشی داوای خواردن بکات لەو کاتانەدا کە ئەمەش بەشە سروستیەکەیە کە ئێمە وا خۆمان ڕاهێناوە. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ڕۆژووان پاش چەند ڕۆژێك ئیتر هەست بەوە ئەکات کە چۆن پڕۆگرامکردنەکەیان کۆماندۆیان ئەکات و هەست بە بەهێزبوونێك لە توانا دەروونیەکانیاندا ئەکەن. بێگوومان هیچ شتێك نیە ئەوەندەی ئەوە خۆشبێت کە مرۆڤ بگاتە ئامانجەکانی چ کورتە ئامانج بێت یان ئامانجی درێژ خایەن.
هیوادارم مرۆڤی بەڕۆژووان کە درکی بەو هیزە کرد کە ئەوان هەیانە کە هێزی ئارامی و پڕۆگرامکردنی دەروونە و کە خودا بە هەموو مرۆڤێکیشی بەخشیووە، ئیتر ئەوان بتوان ئەو هێزە دەروونیە بۆ زۆر بواریتر بەکار بهێنن کە سود و بەرژەوەندی بۆ پێشخستنی کۆمەڵگا بێت. وە بتوانن داهێنانی پێبکەن هەتا کۆمەڵگەی کوردیش چەند کەسایەتیەکی تیا هەڵکەوێت کە لەبواری زانست و ئەدەب و هونەرو بوارەکانی تردا جێی خۆیان بکەنەوە بۆئەوەی جێی شانازی میللەتەکەمانبێت لە دەرەوەو ناوەوەی کوردستاندا.
سەرکەوتوبن
http://www.warzshidaruni.com

ئاب 14, 2011

پەڕەی داهاتوو »

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s